تۆپەکانی دەستبەکاربوونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەغدای تۆقاند

بەغدا
بەغدا

دەنگی ئەو تەقینەوانەی لە ناوچەی کەڕادە بیستراون، هۆکارەکەی بۆ تەقاندنی چەند گولـلەتۆپێک دەگەڕێتەوە بەبۆنەی رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئایاری 2026، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا بیسترا.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەکان بەبۆنەی رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی سەرۆکوەزیران بووە، لە ئاهەنگەکەدا چەند گوللەتۆپێک تەقێنراون.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، تەقاندنی ئەو تۆپانە لە گۆڕەپانی ئاهەنگگێڕان لە ناوەڕاستی بەغدا بووە. ئەمەش وەک نەریتێکی پڕۆتۆکۆلی و سەربازی لە کاتی رێوڕەسمی وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن عەلی زەیدی، لە محەممەد شیاع سوودانی کراوە.

هەر لە بارەی دەنگی تەقینەوەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاندووە، ئەو دەنگە بەهێزانەی کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا بیستراون، تەقاندنی 21 گولـلە تۆپ بووە بە بۆنەی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق؛ بە گوێرەی دەستوور، سەرۆکوەزیرانی فیدرال جیا لەم ئەرکە ئیدارییەی، دەبێتە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش.

 لە نەریتی پڕۆتۆکۆلیی عێراق و زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا، لە کاتی پێشوازیکردن لە سەرکردەکان و ئاڵوگۆڕی پۆستە باڵاکاندا 21 گولـلەتۆپ دەتقێنرێن وەک نیشانەیەک بۆ رێزگرتن و پێشوازیکردن.

رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و دەنگ بە 14 وەزیری کابینەکەی درا.