ئامارەكانی دێربی كوردستان لە بەرژەوەندی نەورۆزە
هەولێر لە مێژووی خولی ئەستێرەكانی عێراق نەیتوانیوە لە یاریگەی خۆی لە نەورۆز بباتەوە
لە یاریی دێربی كوردستان، هەولێر و نەورۆز لە پایتەختی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ئامارەكان لە بەرژەوەندی سوورپۆشەكانی سلێمانیە، بەوپێیەی هەولێر لە مێژووی خۆیدا لە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری لە نەورۆزی نەبردووەتەوە.
هەولێر و نەورۆز لەبەردەم ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ
ئەمڕۆ شەممە، 16 ئایاری 2026، لە گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەكانی عێراق، هەولێر لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری لە كاتژمێر 08:00ـی شەو میوانداریی نەورۆز دەكات، هەولێر لە مێژووی خولی ئەستێرەكانی عێراق نەیتوانیوە لە نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری لە نەورۆز بباتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە دوایین 9 یاری نێوانیان، هەولێر 2 بردنەوە و 4 شكستی هەیە و 3 یاریش بە یەكسانبوون كۆتای هاتووە، جگە لەوەش هەولێر 11 گۆڵی هەیە و 13 گۆڵی لێكراوە، هەر دوو سەركەوتنەكەی هەولێریش بەرامبەر نەورۆز یەكێكیان لە سلێمانی بووە، سەركەوتنەكەی دیكەش لە یاریگەی دهۆك بووە كە یاریگەی هەولێر هەژمار كراوە.
دوایین سەركەوتنی قەڵای زەرد بەرامبەر نەورۆز لە خولی ئەستێرەكانی عێراق پێش 199 رۆژ بوو كاتێك هەولێر لە نێو یاریگەی نەورۆز بە گۆڵێكی بێوەڵام یارییەكەی بردەوە.
لە ئامارێكی دیكەی مێژووییدا، هەولێر پێش 1587رۆژ توانی لە نەورۆز بباتەوە، یارییەكە لە یاریگەی دهۆك بەڕێوەچوو، بە یاریگەی یانەی هەولێر هەژمار كرا، بە دیاریكراوی لە رۆژی دووشەممە 10/1/2022 بوو، كاتێك هەولێر یارییەكەی (4 ـ 2) بردەوە، گۆڵەكانی هەولێر لە لایەن یاسین سامیە دوو گۆڵ و شێركۆ كەریم و رەوا یووسف تۆمار كران، دوو گۆڵەكەی نەورۆز لە لایەن ئاسۆ رۆستەم تۆمار كران.
هەولێر ئەم وەرزە شەڕی بەدەستهێنانی بلیتێكی پاڵەوانێـتییەكانی دەرەوە دەكات
هەولێر ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی باسم قاسم شەڕی بەدەستهێنانی بلیتێكی پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە دەكات، بەوپێیەی بەرگزەردەكانی پایتەخت لەم وەرزە بە كۆكردنەوەی 70 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندییان گرتووە، بە بردنەوە لە نەورۆز بە رێژەی 99% بلیتێكی بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە مسۆگەر دەكات، لە نێوان چامپیۆنزلیگی كەنداو و چامپیۆنزلیگی عەرەب وەرزی داهاتوو هەولێر بەشداریی یەكێكیان دەكات.