ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانەی کۆدکراون ناتوانن لە شارەکانیان بچنە دەرەوە

وەرگیراو
وەرگیراو

هۆشداری دەدرێتە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کە هەوڵێک هەیە بۆ فێڵکردن و وەرگرتنی سەرانە لە هاووڵاتییان لەژێر ناوی "کۆدکردنی ئۆتۆمبێل، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، مەڵبەندی 24ـی یەکێتی لە سنووری ئیدارەی راپەرین، فۆرمێکی لەناو کادیرانی حزبەکە و دامەزراوەکانی ئاسایش و سەربازی بڵاوکردووەتەوە. ئامانج لەم فۆرمە تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و بڕاوانەیە کە پێشتر بەرپرسان و ئیدارەی یەکێتی خۆیان هێناویانن و بە خەڵکیان فرۆشتووە، ئێستاش دەیانەوێت بەناوی "تۆماری ئەمنی" بڕێک پارەی دیکە لە خەڵک وەربگرن، ئەمەش دڵەڕاوکێی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.

لە راگەیەندراوێکی نهێنیی مەڵبەندی 24ـی راپەریندا هاتووە، گوایە دەرفەتێکی نوێ بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان رەخساوە تاوەکو جەژنی قوربان کۆد بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی لە سکرابکردن بپارێزرێن. بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی نزیکەی 100هەزار دینار وەردەگیرێت و باس لەوە دەکرێت، پڕۆسەکە تەنیا بۆ ئەفسەر و پێشمەرگەکانی یەکێتییە و دواتر هەر ئۆتۆمبێلێک کۆدی نەبێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەم کۆدکردن و پارە وەرگرتنە نییە و بە کارێکی نایاسایی و ناراستی دەزانێت. وەزارەت داوا لە هاووڵاتییان دەکات هیچ پارەیەک بۆ ئەم مەبەستە نەدەن و پرسیاری ئەوەش دەکات، ئەگەر کارێکی فەرمییە، بۆچی تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەلایەن مەڵبەندەوە پشتگیری دەکرێن و خەڵکی ئاسایی ناگرێتەوە؟

ئەو ئۆتۆمبێلانەی کۆدیشیان بۆ دەکرێت، تەنیا لەناو سنووری ئەو شارە دەتوانن هاتوچۆ بکەن و ناتوانن بچنە دەرەوە، چونکە پۆلیسی هاتووچۆ دان بەو کۆدکردنەدا نانێت و کاری پێ ناکات.

پێشتریش، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ راگەیاندبوو، هیچ پلانێک لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان نییە، چونکە گومان دەکرێت ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە تاوانی پێ ئەنجامدرابێت یاخود لە خاوەنی راستەقینەی دزرابێت.