ئەردۆغان: میت کار بۆ خێراکردنی چەکدانانی پەکەکە دەکات
سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرای دەکات، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی کار بۆ خێراکردنی پڕۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێی مەدەنی تەواو بوون.
ئەمڕۆ شەممە، 16ی ئایاری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە سەردانەکەی بۆ کازاخستان لە نێو فڕۆکەکەدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەنگاوی جددی و بوێرانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پڕۆسەی ئاشتی نراوە و لە 18 مانگی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاو بەدی هاتووە.
ئەردۆغان روونیشی کردەوە، تورکیایەکی بێ تیرۆر پڕۆسەیەکە یەکێتی، یەکڕیزی و برایەتیی هەمیشەیی 86 ملیۆن کەس بەهێزتر دەکات. گوتیشی، لە 18 مانگی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و بەسەر چەندین ئاڵنگاریی زەق و شاراوەدا زاڵ بوون.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا دەزگای هەواڵگری (میت) کار بۆ خێراترکردنی پڕۆسەی داماڵینی چەک لە پەکەکە دەکات. هەروەها کۆمیسیۆنی هاوپشتی، برایەتی و دیموکراسیی نیشتمانی لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە دامەزراوە، نەخشەڕێگایەکی لەسەر بنەمای کۆدەنگی خستووەتە روو.
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکە رێبازێکی بنیاتنەر و چارەسەری پێویستە، بۆیە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەم خاڵەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
بەبێ ناوهێنانی هیچ کەس و لایەنێکیش، ئەوەشی خستە روو، کەسانێک هەن تەگەرە دەخەنە بەردەم پڕۆسەی ئاشتی و ئامانجیانە دۆخەکە بە بنبەست بگەیەنن، بەڵام بە شکۆمەندییەوە پڕۆسەکە تێدەپەڕێنن.
سەبارەت بە دەستووری تورکیا، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە جەختی لەوە کردەوە، دەستوورێکی نوێ چیتر دروشم نابێت، بەڵکوو پێویستییە و پابەندبوونێکە، ئەو بەڵێنانەی سەبارەت بە دەستووری نوێ دراون جێبەجێ دەکرێن. گوتیشی، ئامادەکارییەکانیان لەسەر ئەم بابەتە تەواو کردووە و ئەو بابەتانەیان دەستنیشان کردووە گەل پێویستی پێیەتی و داوای دەکات.
لە کۆتاییدا ئەردۆغان گوتی، ئەگەر باس لە سیاسەتی مەدەنی و یاسادانان دەکەن هاوتەریب لەگەڵ مەرجەکانی ئەم سەردەمەدا، ئەوە بە ئامانجی خۆیانی دەزانن هەموو ئەو هەنگاوانە بەدی بهێنن بۆ گەیشتن بەم بابەتە دەبێت بگیرێنە بەر، بۆیە دەبێت دەستووری نوێ دەستوورێکی گشتگیر، مەدەنی و رزگارکار بێت، بۆ ئەوەی چیتر سیاسەت داواکارییەکانی گەل پشتگوێ نەخات.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.
رۆژی 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە لە 12هەمین کۆنگرەی خۆیدا لە نێوان 5 بۆ 4ی ئایاری 2025، بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی دا.