سێنتکۆم: چاودێریی گەرووی هورمز دەکەین و رێڕەوی 78 کەشتی بەرەو ئێران گۆڕدراوە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ هێلیکۆپتەرەکانیان لە ئاوە هەرێمییەکانی گەرووی هورمز چاودێری کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن، ئەمەش وەک بەشێک لەو گەمارۆ دەریاییەی خراوەتە سەر ئێران.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ سوپای ئەمریکا رێڕەوی 78 کەشتی بازرگانییان گۆڕیوە کە بەرەو ئێران دەچوون، هەروەها 4 کەشتی دیکەیان پەکخستووە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە بڕیارەکانی گەمارۆکەوە.
ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە بە ناوی "تووڕەیی ئابووری"، کە سزادان، گەمارۆدانی بەندەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە، پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا. ئامانجی پلانەکەش پەکخستنی بازرگانی نەوت و کەلوپەلی ئێران و لێدانی کەشتیگەلی سێبەرە کە ئێران بۆ هەناردەکردن بەکاریان دەهێنێت.
ئەمریکا لە 13ـی نیسانی رابردووەوە گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لەوانەش گەرووی هورمز کە شا دەماری وزەی جیهانە، ئێران وەک وەڵامێک رێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان کردووە لەو گەرووەدا مەگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە مەترسی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئاگربەستە هەیە کە لە 8ـی نیسانەوە کارایە.
لە 28ـی شوباتی رابردووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل جەنگێکیان دژی ئێران دەستپێکردووە کە بەپێی ئامارەکانی تاران زیاتر لە 3 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە بەرانبەریشدا ئێران هێرشی ئەنجامداوە و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک ئەمریکی و ئیسرائیلی.