میسر.. ژمارەی گوێدرێژ لە سێ ملیۆنەوە بۆ یەک ملیۆن کەم بووەتەوە
نەقیبی سەندیکای جووتیارانی میسر پەردەی لەسەر کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار و بێپێشینەی ژمارەی گوێدرێژ لە وڵاتەکەی هەڵماڵی، هۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەشی گەڕاندەوە بۆ خواستی زۆری بازاڕەکانی چین لەسەر پێستی ئەم ئاژەڵە، کە لە پیشەسازیی دەرمان و کەرەستەی جوانکاریی گرانبەهادا بەکار دەهێنرێت.
شەممە، 16ـی ئایاری 2026، حوسێن ئەبو سەدام، نەقیبی سەنیدکای جووتیارانی میسر، بە رۆژنامەنووسنای راگەیاند: کەمبوونەوەی بێپێشینە لە ژمارەی گوێدرێژەکان لە وڵاتەکەدا رووی داوە. هۆشداریشی دا لە ئەگەری لەناوچوونی یەکجارییان ئەگەر دۆخەکە بەبێ چاودێری یان دەستێوەردانی دەسەڵاتداران بەردەوام بێت.
ئەبو سەدام گوتی: کۆی گشتیی ژمارەی گوێدرێژ لە سەرانسەری جیهاندا بە نزیکەی 40 ملیۆن مەزەندە دەکرێت، بەڵام ئەم ژمارەیە لە دابەزینی بەردەوامدایە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گۆڕانکارییە هەرێمییەکان، میسر پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی گرتبوو لە رووی زۆریی ژمارەی گوێدرێژەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی ناوخۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و لە نزیکەی سێ ملیۆنەوە بۆ تەنیا یەک ملیۆن گوێدرێژ دابەزیوە.
هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بازاڕی جیهانی شاهێدی داواکارییەکی لە رادەبەدەری وڵاتی چینە لەسەر پێستی گوێدرێژ، کە بۆ دروستکردنی دەرمان و کەرەستەی جوانکاریی زۆر گرانبەها بەکار دەهێنرێت.
لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە لایەنی ئابووریی ئەم دیاردەیە، نەقیبی سەندیکای جووتیاران ئاماژەی بەوە کرد، کە نرخی گوێدرێژێکی زیندوو لە میسر لە نێوان 15 بۆ 20٢٠ هەزار جونەیهـدایە، لە کاتێکدا نرخی پێستەکەی بە تەنیا لە بازاڕەکانی دەرەوە دەگاتە نێوان 25 بۆ 40هەزار جونەیهـ؛ واتە بەهای پێستەکە رەنگە لە دوو هێندەی نرخی ئاژەڵەکە خۆی زیاتر بێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم جیاوازییە گەورەیە لە نرخدا بووەتە هۆی پاڵنەرێک بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی سەربڕینی نایاسایی لە هەندێک ناوچەدا.
لە لایەکی دیکەوە، ئەبو سەدام ئەم دابەزینەی بۆ چەند هۆکارێکی دیکەش گەڕاندەوە، دیارترینیان پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵی و پشتبەستنی زیاتر بە ئامێرە مۆدێرنەکانی وەک ماتۆڕی سێ تایە (توک توک) و تراکتۆرە کشتوکاڵییەکانە، کە جێگەی گوێدرێژیان لە گواستنەوە و کارە کشتوکاڵییەکاندا گرتووەتەوە. هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک وای کردووە بەخێوکردنی گوێدرێژ لە رووی ئابوورییەوە کەمتر سوودبەخش بێت بەراورد بە بەخێوکردنی مانگا و گامێش.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەقیبی سەندیکای جووتیاران ئاماژەی بە بوونی رێکخستنێکی یاسایی کرد بۆ هەناردەکردنی پێست، کە تیایدا رێگە دەدرێت ساڵانە بڕێکی دیاریکراو بە پێی رێنماییە ڤێتێرنەرییەکان هەناردە بکرێت.
ئەبو سەدام دووپاتی کردەوە، کە نەبوونی چاودێریی ڤێتێرنەریی گونجاو، پشتگوێخستنی لە لایەن هەندێک لە ئاژەڵدارانەوە کەمبوونەوەی رێژەی زاوزێ بەهۆی لاوازیی خواست لەسەر گوێدرێژی زیندوو، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە قەیرانەکەیان ئاڵۆزتر کردووە.
نەقیبی سەندیکای جووتیاران، داوای کرد کە گوێدرێژ وەک توخمێکی گرنگ بپارێزرێت، بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشین و سەختەکان کە ئامێرە مۆدێرنەکان پێیان ناگەن و جەختی لە گرنگیی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی ڤێتێرنەری و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی کردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە گوێدرێژ وەک هێمایەکی مێژوویی لە ژیانی کشتوکاڵیی میسردا سەیر دەکرێت، بەڵام ئەمڕۆ رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکی مان و نەمان بووەتەوە کە لە تێکەڵەیەک لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و گوشارە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان پێکهاتووە، بە تایبەتیش خواستی لە رادەبەدەری چین لەسەر پێستەکەی.