قالیباف: داهاتوو بۆ وڵاتە تازە گەشەسەندووەکانە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەینێت، جیهان بەرەو رێکخستنێکی نوێی نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت و داهاتوو بۆ وڵاتە تازە گەشەسەندووەکانە.
شەممە 16ـی ئایاری 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا رایگەیاند جیهان لەبەردەم قۆناغێکی وەرچەرخانی گەورەدایە و بەرەو رێکخستنێکی نوێی نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێت.
قالیباف ئاماژەی بە گوتەیەکی شی جینپینگ، سەرۆکی چین کرد و نووسیویەتی: "وەک چۆن سەرۆکی چین گوتی، ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ماوەی سەدەیەکدا نەبینراوە، ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا خێراتر بووە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە خۆڕاگریی گەلی ئێران رۆڵی سەرەکی هەبووە لەم گۆڕانکارییەدا و رایگەیاند: "جەخت لەوە دەکەمەوە کە خۆڕاگریی 70 رۆژەی نەتەوەی ئێران بووەتە هۆی خێراکردنی ئەم وەرچەرخانە جیهانییە.
ئەم لێدوانەی قالیباف لە کاتێکدایە کە زیاتر لە دوو مانگە (77 رۆژ) جەنگ و ململانێیەکی سەربازیی توند لە نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا لە ئارادایە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، قالیباف گەشبینی خۆی بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو دەربڕی و رایگەیاند: "داهاتوو بۆ وڵاتە تازە گەشەسەندووەکانە." ئەم چەمکە ئاماژەیە بۆ ئەو وڵاتانەی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین کە دەیانەوێت کۆتایی بە هەژموونی چەندین ساڵەی وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بهێنن.