تەندروستیی جیهانی باری نائاسایی راگەیاند
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری نائاسایی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ رادەگەیەنێت و هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری دەدات. تا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە 80 کەس گیانیان لەدەستداوە و هیچ ڤاکسینێکی تایبەت بەم جۆرە نوێیەی ئیبۆلا لەبەردەستدا نییە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلای لە پارێزگای ئیتووری لە رۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ وەک باری نائاسایی تەندروستیی گشتیی لەسەر ئاستی جیهان ناساند.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تا ئێستا نزیکەی 246 حاڵەتی گوماناوی و 80 گیانلەدەستدان تۆمارکراون، بەڵام روونیکردەوە کە هێشتا ڤایرۆسەکە نەگەیشتووەتە ئاستی "پەتا جیهانییەکان".
دکتۆر تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا کە گومان و نادڵنیایی زۆر هەیە لەبارەی ژمارەی راستی تووشبووان و شوێنەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، ئەم جۆرەی ئێستای ئیبۆلا بەهۆی ڤایرۆسی "بوندیبوگیۆ"وەیە، کە تا ئێستا هیچ دەرمان یان ڤاکسینێکی پەسندکراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راشیگەیاند، 8 حاڵەتی تووشبوون لە تاقیگەکاندا پشتڕاستکراونەتەوە، جگە لە چەندین حاڵەتی دیکەی گوماناوی و گیانلەدەستدان لە شاری بونیای پایتەختی پارێزگای ئیتووری و شارۆچکەکانی مۆنگوالو و روامپارا کە بە ناوچەی دەرهێنانی زێڕ ناسراون.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ڤایرۆسەکە سنووری کۆنگۆی بەزاندووە و گەیشتووەتە وڵاتی ئۆگەندا، لەوێش 2 حاڵەتی تووشبوون پشتڕاستکراونەتەوە و یەکێکیان کە پیاوێکی تەمەن 59 ساڵ بووە، رۆژی پێنجشەممە گیانی لەدەستداوە.
رێکخراوەکە داوا لە کۆنگۆ و ئۆگەندا دەکات ناوەندی باری نائاسایی بۆ چاودێریکردن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دابمەزرێنن، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە نابێت وڵاتانی دیکە سنوورەکانیان دابخەن یان گەشت و بازرگانی قەدەخە بکەن، چونکە ئەو رێکارانە لە ترسەوە سەرچاوە دەگرن و بنەمای زانستییان نییە.
ڤایرۆسی ئیبۆلا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 لە کۆنگۆ دۆزرایەوە و پێدەچێت لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ گوێزرابێتەوە. ئەمە 17یەمین جارە ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە لەو وڵاتەدا بڵاودەبێتەوە.
ئیبۆلا لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ بە شلەمەنییەکانی جەستەی تووشبوو دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی توند و لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە. نیشانە سەرەتاییەکانی بریتین لە تا، ئازاری ماسولکە، ماندوێتی، سەرئێشە و قوڕگئێشە.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رێژەی گیانلەدەستدان بەم ڤایرۆسە دەگاتە 50%. لە ماوەی 50 ساڵی رابردووشدا نزیکەی 15,000 کەس لە کیشوەری ئەفریقا بەهۆی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە، کە کوشندەترینیان لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 بوو و تێیدا نزیکەی 2,300 کەس گیانیان لەدەستدا.