هاووڵاتییان داوا دەکەن هەرچی زووە حکوومەت پێکبهێنرێت

پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، هاووڵاتییان و کاسبکاران نیگەرانن لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و داوا دەکەن هەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە. شارەزایانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ململانێی سیاسی بووەتە رێگر لەبەردەم هەنگاوە دەستوورییەکان.

دواکەوتنی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بازاڕ و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی تووشی سستی و ساردبوونەوەیەکی زۆر کردووە، ئەمەش وایکردووە کاسبکاران و شەقام بە پەرۆشییەوە داوای دەرچوون لەم بنبەستە سیاسییە بکەن. لە بەرانبەردا، شارەزایانی بواری هەڵبژاردن دەڵێن، ململانێ و بەرژەوەندییەکانی هەندێک لە هێزە سیاسییەکان، رێگرن لەبەردەم هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکان بۆ ئەوەی حکوومەتێکی نوێ پێكبهێنرێت.

هاووڵاتیان و کاسبکاران داوا دەکەن هەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، چونکە چەقبەستوویی دۆخەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەریان دروستکردووە. لە کاتێکدا هاووڵاتییان بە شێوەیەکی ئاسایی ژیانی رۆژانەیان بەڕێدەکەن، بەڵام بارودۆخی سیاسی و پێکنەهێنانی حکوومەت ئەوانی لە چاوەڕوانییەکی بێزارکەردا هێشتووەتەوە.

لە نێو جەرگەی بازاڕی سلێمانیدا، فرۆشیاران باس لەوە دەکەن کە داهاتیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. جەزا سەرگەڵویی، کە کاسبکارێکی بازاڕەکەیە، دەڵێت: "هەتا زوو حکوومەت پێکبێت، خەڵک ئارامتر دەبێت و دەتوانێت دەست بۆ پڕۆژە و کاسبی ببات. پێکنهێنانی حکوومەت و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دواکەوتنی مووچە، هەمووی کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر بازاڕ."

شارەزایانیش جەخت دەکەنەوە کە دەنگدان وەک مافێکی سروشتی، بنەمای دامەزراندنی سیستەمی سیاسییە، بۆیە هاووڵاتییان مافی خۆیانە داوای پێکهێنانی خێرای حکوومەت بکەن بۆ پاراستنی ئارامی و ژیانی گشتی.

یاد کاروان، شارەزای هەڵبژاردن، لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەموو پارتەکان بەڵێنی خزمەتگوزاری و هەلیکاریان دەدا، بەڵام هیچ شتێک جێبەجێ نەکراوە. لە ماوەی زیاتر لە 1.5 ساڵدا، ئەگەر پەرلەمان هەفتەی 1 کۆبوونەوەی بکردایە، دەبوو تا ئێستا 76 کۆبوونەوەی بۆ هەموارکردنەوە یان جێبەجێکردنی یاساکان ئەنجام بدایە."

رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بە تاکە دەرچە دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، چونکە بژاردەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن کە هەندێک جار باس دەکرێت، رەنگە دۆخەکە وەک خۆی بهێڵێتەوە و قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە.