ئاسایشی سلێمانی بە ناوی سەرۆکی یەکێتی هەڕەشەی لە چوار پارێزەری لاهور شێخ جەنگی کردووە

لە ئاسایشی سلێمانییەوە پەیوەندی بە چوار پارێزەری کەیسی لاهور شێخ جەنگی دەکرێت و بەناوی بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەیان لێدەکرێت.

سەرجاوەیەک لەبەرەی گەل بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای ئەوەی پێنجشەممەی رابردوو 14ـی ئایاری 2026، دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە بەڕێوەچوو، شەوی رابردوو لە ئاسایشی سلێمانی پەیوەندی بەو پارێزەرانە کراوە و بەناوی بافڵ تاڵەبانی هەڕەشە لەخۆیان و کەسوکاریان کراوە کە ئەگەر لە دانیشتنی داهاتووی دادگادا، پارێزەران هاوشێوەی دانیشتنی رابردوو مامەڵە بکەن، پێیان گوتراوە ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی خۆیانە.

شەوی رابردووش تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی یاداشتێکیان ئاڕاستەی دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەکان کرد، لە یاداشتەکەدا ئاشکرایان کردووە، کە حەمەڕەش، پێشمەرگەی لاهور شێخ جەنگی لە ماوەی نۆ مانگی دەستبەسەریدا رووبەڕووی توندترین جۆرەکانی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە، و داوای دەستوەردانی خێرای پزیشکی و یاسایی دەکەن.

بە گوێرەی یاداشتەکە حەمەڕەش سەرباری ئەوەی سەری شکێندراوە و پشتی بە چەقۆ بریندار کراوە، ددانەکانیشی شکێندراون و بە گوتەی خۆی لە پیاوەتی خراوە، کە ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی کەرامەت و کەمئەندامکردنی هەمیشەیی زیندانییەکە وەسف کراوە.

پێشتر دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بە گوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە ماددەی 406."

دانا تەقیەدین جەختی کردەوە، "مۆرکی یاسایی لە کەیسەکەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە، چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون.

رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسه‌وانی لاهور شێخ جه‌نگی و 11 ده‌ستگیركراوی دیكه‌ی لاله‌زار ئازاد کران.

ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو. 

پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.

رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.