پاکستان: هەر هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنمان دەرەنجامی توندی بۆ هیندستان دەبێت
فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاکستان، هۆشداری دا هەر هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنی پاکستان، رەنگە ببێتە هۆی دەرئەنجامێک کە تەنیا لە سنوورێکی جوگرافی دیاریکراودا نەمێننەوە و لە رووی ستراتیژی و سیاسییەوە بۆ هیندستان قبوڵکراو نابێت.
یەکشەممە 16ـی ئایاری 2026، کەناڵی "جیۆ"ی پاکستانی بڵاویکردەوە، بەیاننامەکەی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاکستان وەک وەڵامێک بووە بۆ لێدوانەکانی ئەمدواییەی ئۆپێندرا دوێڤیدی، فەرماندەی سوپای هیندستان، کە گوتبووی "دەبێت پاکستان بڕیار بدات ئایا دەیەوێت ببێتە بەشێک لە جوگرافیا و مێژوو یان نا".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سوپای پاکستان لە وەڵامدا رایگەیاند، پاکستان وڵاتێکی خاوەن بایەخی جیهانی و هێزێکی ئەتۆمی ناسراوە و بەشێکی دانەبڕاوە لە جوگرافیا و مێژووی باشووری ئاسیا، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جۆرە لێدوانانە نیشانەی ئەوەن سەرکردایەتی هیندستان دوای تێپەڕبوونی 80 ساڵ هێشتا لەگەڵ بیرۆکەی بوونی پاکستان وەک دەوڵەت رانەهاتوون و وانەیان لێ وەرنەگرتووە.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوەکرداوەتەوە، هەڕەشەکردن لە دەوڵەتێکی ئەتۆمی و خاوەن سەروەری بە سڕینەوەی لە سەر نەخشەی جیهان، نیشانەی نەبوونی زانیاری و ژیرییە، هاوکات ئاماژەی شێتی و ئارەزووی شەڕخوازییە".
ئەم وەڵامەی پاکستان دوای ئەوە دێت، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "برێس تەرەست ئۆف ئیندیا"، دوێنێ شەممە، 16ـی ئایاری 2026، لە میانی بەشداریکردنی جەنەراڵ ئۆپیندرا دویڤێدی، فەرماندەی سوپای هیندستان، هۆشدارییەکی توند و بێپێشینەی ئاراستەی ئیسلام ئاباد کرد و رایگەیاند؛ ئەگەر پاکستان بەردەوام بێت لە داڵدەدانی تیرۆریستان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی هیندستان، دەبێت بڕیار بدات ئایا دەیەوێت وەک وڵاتێک لەسەر نەخشەی جوگرافیا بمێنێتەوە یان تەنیا ببێتە لاپەڕەیەک لە لاپەڕەکانی مێژوو.
فەرماندەی سوپای هیندستان گوتی: "بە روونی دەیڵێم، ئەگەر پاکستان بەردەوام بێت لە داڵدەدانی تیرۆریستان و کارکردن دژی هیندستان، دەبێت لە نێوان مانەوە وەک بەشێک لە جوگرافیا یان بوون بە بەشێک لە مێژوو (لەناوچوون)، یەکێکیان هەڵبژێرن".
ئەم لێدوانە توندانە تەنیا چەند رۆژێک دوای یەکەم ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی "سیندور" دێت، سوپای هیندستان وەک وەڵامێک بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی ناوچەی "پاهالگام" لە 7ـی ئایاری ساڵی رابردوو دەستیپێکرد. لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی هیندستان گورزی وردیان لە ژێرخانی گروپە چەکدارییەکان لە ناو خاکی پاکستان و هەرێمی کشمیر وەشاند.
ساڵی رابردوو پێکدادانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە ئەتۆمییە بۆ ماوەی 88 کاتژمێر بەردەوام بوو، تێیدا پاکستان هێرشی پێچەوانەی ئەنجامدا، بەڵام هیندستان بەردەوام بوو لە وەڵامدانەوەکانی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "سیندور"دا، تا دواجار لە 10ـی ئایاردا لە رێگەی لێکتێگەیشتنی هەردوولاوە شەڕەکە راگیرا.
چاودێران پێیان وایە ئەم پەیامە متمانەبەخۆبوونی سوپای هیندستان و سووربوونی وڵاتەکە نیشان دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە سنوورەکانی تێپەڕێنێت.