ئێران، قالیباف بۆ سەرپەرشتیکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین رادەسپێرێت
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بۆ سەرپەرشتیکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چین راسپێردراوە.
یەکشەممە 16ـی ئایاری 2026، ئاژانسی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاماژەی بەوە کردووە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەک نوێنەری تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری چین دەستنیشانکراوە.
هاوکات، راپۆرتێکی هەواڵگری نهێنی ئەمریکا کە رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە دەکات چین جەنگی ئێران بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر ئەمریکادا لە بوارەکانی سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسی، هەروەها ئەم راپۆرتەی کە بۆ دان کین، سوپاسالاری ئەمریکا ئامادەکراوە، نیگەرانی لای وەزارەتی جەنگئ ئەمریکا دروستکردووە سەبارەت بە تێچووی جیۆپۆلیتیکی رووبەڕووبوونەوەی نێوان واشنتن و تاران.
بەپێی راپۆرتەکە، لەو کاتەوەی جەنگ دژی ئێران لە 28ـی شوبات دەستیپێکردووە، چین چەکی بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو فرۆشتووە بۆ بەرگریکردن لە بنکە سەربازییەکانیان بەرانبەر هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی ئێران، هەروەها بەیژینگ هاوکاری ئەو وڵاتانەی کردووە کە کێشەی وزەیان بۆ دروستبووە دوای ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونە هۆی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، کە پێنجیەکی بازرگانی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
راپۆرتە هەواڵگرییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جەنگە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی واشنتن، کە رەنگە لە داهاتوودا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین لەسەر پرسی تایوان پێویستی پێیان بێت، هەروەها رێگەی بە بەیژینگ داوە لە نزیکەوە چاودێری شێوازی شەڕکردنی ئەمریکا بکات و وانەی لێ وەربگرێت بۆ داڕشتنی پلانە سەربازییەکانی لە داهاتوودا.