سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا کۆتایی هاتووە

مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" کۆتایی هاتووە و ئێستا ئێمە ئامانجمان دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمزە.

یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" باسی لە جەنگی دژی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز کرد.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا کۆتایی هاتووە و، ئێستا ئێمە لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکداین کە ئامانج لێی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمزە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە 5ـی ئایاری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە کۆشکی سپییدا رایگەیاندبوو، ئابووریی ئێران لە لێواری هەرەسهێنانی تەواوەتیدایە و هەڵاوسان گەیشتووەتە 70%.

هەروەها گوتوبووشی: ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا کۆتایی هاتووە و ئێستا سەرنج لەسەر "پڕۆژەی ئازادی"یە.