پزیشکیان: ئامانجمان دروستکردنی پەیوەندییەکی سەقامگیرە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی
پاکستان: لەگەڵ ئێران لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لە یەکدی نزیک بووینەتەوە
سەرۆککۆماری ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاکستان جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی وڵاتانی ئیسلامی کردەوە و رایگەیاند: کە وڵاتەکەی خوازیاری دروستکردنی پەیوەندییەکی دۆستانە و سەقامگیرە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە ناوچەکەدا.
یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشوازیی لە موحسین نوقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان کرد.
بە پێی هەواڵی ئاژانسی مێهر، پزیشکیان رایگەیاند، "هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ بۆ رێگریکردن لە قۆستنەوەی خاکیان لە لایەن تیرۆریستانەوە، هەنگاوێکی زۆر بەنرخ و گرنگ بوو."
سەرۆککۆماری ئێران، گوتی: ئێران هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی دۆستانە و سەقامگیر لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی ناوچەکە دروست بکات.
هەروەها روونی کردەوە کە، "یەکڕیزیی وڵاتانی ئیسلامی دەبێتە هۆی سنووردارکردن و کەمکردنەوەی دەستوەردانی هێزەکانی دەرەوەی ناوچەکە."
لە بەرامبەردا، وەزیری ناوخۆی پاکستان بە سەرۆککۆماری ئێرانی راگەیاند: "ئەمڕۆ تاران و ئیسلام ئاباد لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر لە یەکدی نزیک بوونەتەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە شەممە 16ـی ئایاری 2026، موحسین نوقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە مەبەستی نێوەندگیری و کاراکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان تاران و واشنتن، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئێران.