میدیای تورکیا: ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغی دوای چەکدانانی پەکەکە دەستی پێکردووە
لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا راپۆرتێک لەبارەی پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە پێشکەشی حکوومەتی تورکیا دەکرێت.
رۆژنامەی میلییەتی نزیک لەدەسەڵات رایگەیاندووە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی کە حکومەتی تورکیا بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا دامەزراوە ئەمنییەکان راپۆرتێکی هەستیار و یەکلاکەرەوە پێشکەش بکەن. ئەم راپۆرتە وردەکاریی دۆخی مەیدانی چەک دانانی پەکەکە لەخۆدەگرێت.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەکە سەرچاوەکانی پارتی دەسەڵاتدار (ئاکپارتی) رەتیدەکەنەوە پرۆسەکە سست بووبێت و جەخت دەکەنەوە کە پرۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە دوای ئامادەبوونی راپۆرتە ئەمنییەکە، پەرلەمانی تورکیا و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەست بە هەنگاوی یاسایی و کارگێڕی بکەن.
بەرپرسانی ئاکپارتی ئاماژە بەوە دەکەن کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە دەرکردنی یاسای نوێ دەبێت. بەپێی رۆژنامەکە بێت قۆناغی داهاتوو چارەنووسی ئەو کەسانە دیاری دەکەن کە چەک دادەنێن و رادەستی دەوڵەتی دەکەن، کە ئەمەش وەک پرسێکی سیاسی و یاسایی لە پەرلەمان گەنگەشەی لەسەر دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی بڵاو کردەوە، لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
جارێکی دیکە و لە ڕۆژی چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، پەیامێکی دیکەی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڵاو کرایەوە و دووجار وەک قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوارچێوەی رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە، لە سنووری سوورداشی پارێزگای سلێمانی بە بەشداری 30 چەکدار دوای خوێندنەوەی پەیامی چەکدانانیان، 30 پارچە چەکیان سووتاند.
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.
لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.