هێڵی ئاسمانی ئەمریکا گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە

کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، گەورەترین هێڵی ئاسمانی جیهان، کە هێڵی ئاسمانی ئەمریکایە، گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل تا مانگی کانوونی دووەمی 2027 هەڵوەشاندەوە، ئەمەش هاوکاتە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەونەی جەنگ دژ بە ئێران. 

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشهاتەکانی جەنگی لەگەڵ ئێران و ئەگەرەکانی پەرەسەندنی سەربازی تاوتوێ کردووە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و ئەمریکا لە ئامادەباشییەکی تەواودان بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رازی بێت بە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران، ئەوا هێرشەکان بە هاوبەشی سوپای ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا دەبن، باسی لەوەش کردووە،  ئیسرائیل ئارەزووی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی کەرتی وزەی ئێران دەکات.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، ئامادەکاری بەردەوام هەیە بۆ ئەگەری دووبارە جەنگ لەگەڵ ئێران، بەڵام کارەکە پەیوەندی بە بڕیارەکانی ترەمپەوە.

دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دایە ئێران لە دواخستنی رێککەوتن و رازیبوون بە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

لە 28ـی شوباتی رابردوودا ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و رێبەر و چەندین بەرپرسی باڵای وڵاتەکەیان کوشت، لەبەرانبەردا ئێران هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دوای 39 رۆژ جەنگ، ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەلایەن ترەمپەوە راگەیەندرا، دواتر ئاگربەسەتەکە درێژکرایەوە بۆ کاتێکی نادیار، هاوکات هەردوولا بەناوبژیوانی پاکستان لە ئیسلام ئاباد کۆبوونەوە بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجام و رێککەونێک.