رۆیتەرز: زمان زبری ترەمپ دانوستانی بە بنبەست گەیاندووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم ساڵی گەڕانەوەیدا بۆ کۆشکی سپی، شێوازێکی توندی بۆ دانوستاندن گرتووەتەبەر، بەڵام پسپۆڕان پێیانوایە ئەم سیاسەتەی بەرانبەر تاران کە پڕە لە سووکایەتی و هەڕەشە، بە بنبەست گەیشتووە و رەنگە ببێتە هەڵگیرسانەوەی ئەو جەنگەی ئابووریی جیهانی هەژاندووە.

بە گوێرەی راپۆرتێک کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی 11 هەفتە بەسەر ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نیشانەکانی بێزاریی لای دۆناڵد ترەمپ دەرکەوتوون، بەڵام هێشتا ئامادە نییە شێوازە توندەکەی بەرانبەر سەرکردەکانی ئێران نەرم بکات. ئەم چەقبەستووییە ترسی لای چاودێران دروستکردووە کە ململانێکان و شۆکی بازاڕی وزە تا ماوەیەکی نادیار بەردەوام بن.

فشاری سەربازی و مانەوەی هەژموونی ئێران

بە گوێرەی راپۆرتەکە، سەرکردەکانی ئێران، سەرەڕای کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانیان و لاوازبوونی توانای سەربازییان بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هێشتا نایانەوێت لە ناوخۆی وڵاتەکەیان وەک "شکستخواردوو" دەربکەون.

تاران لە رێگەی گەرووی هورمزەوە فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بازاڕی جیهانی، ئەمەش وای کردووە ترەمپ بە داواکاریی "ماکسیمال" و زمانێکی زبرەوە بەردەوام بێت.

رۆب مالی، دانوستانکاری پێشووی ئەمریکا دەڵێت "ئەم شێوازەی ترەمپ دەبێتە رێگر لەبەردەم هەر رێککەوتنێکی لۆژیکی، چونکە هیچ حکوومەتێک، نەک تەنیا ئێران، ناتوانێت رێگە بدات کە وا دەرکەوێت خۆی داوەتە دەستەوە."

هەڕەشەی "سڕینەوەی شارستانییەت"

ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، هەڕەشەی سڕینەوەی "شارستانییەتی ئێران"ی کرد ئەگەر تاران ئامادەی دانوستان نەبێت.

سەرچاوەکان لە کۆشکی سپی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە کە ئەم لێدوانانە بەشێک نەبوون لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، تەنیا هەڵوێستێکی کاتی بوون.

هەروەها ترەمپ لە لێدوانێکی دیکەدا ئاماژەی بە "درەوشانەوەیەکی گەورە" لە ناوخۆی ئێران کرد، کە زۆرێک وەک هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لێکیاندایەوە، هەرچەندە خۆی پێشتر رەتیکردبووەوە پەنا بۆ ئەو چەکە ببات.

فشارە ناوخۆییەکانی ئەمریکا

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدا دێن کە ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکا رووبەڕووی فشاری زۆر بووەتەوە، بەتایبەت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و دابەزینی ئاستی جەماوەریی بەر لەوەی بگات بە هەڵبژاردنە ناوەندییەکان، کە بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. پارتی کۆماریش کار بۆ ئەوە دەکات کۆنگرێس هەر لە ژێر رکێفی خۆیدا بهێڵیتەوە.

ستراتیژیی "پێشبینی نەکراو"

ترەمپ کە خۆی وەک سەرکردەی رێککەوتنەکان ناساندووە "Master deal maker" بە بنبەست گەیشتنی دانوستان لەگەڵ ئێران بۆ ترەمپ پێشبینی نەکراوە، لە کاتێکدا خۆی بە کەسایەتی بەهێزی دانوستان دەزانێت. پێجەوانەی جوڵەی دیپلۆماسی لە ڤەنزوێلا و شەڕی غەززە کە ئەنجامی هەبوو؛ ئێستا دیپلۆماتکارە کۆنەکان دەڵێن "ئێران جیاوازە".

نەیت سوانسۆن، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە کە وا بزانیت، ئێران لە ژێر فشاردا خۆی بەدەستەوە دەدات، چونکە ئەوان خاوەن مێژوو و خۆڕاگرییەکی تایبەتن."

لە کۆتاییدا، وا دەردەکەوێت ئەمریکا و ئێران بە دوو کاتژمێری جیاواز کار دەکەن؛ ترەمپ رێککەوتنێکی خێرای دەوێت، بەڵام تاران پشوو درێژیی لە پێشینەی کات کوشتن و درێژکردنەوەی دانوستاندنەکاندا هەیە.

ترێتا پارسی، جێگری سەرۆکی پەیمانگای کوینسی دەڵێت: "تاران پێیوایە ترەمپ لە بێئومێدیدا ئەم هەڕەشانە دەکات، بۆیە دەیانەوێت کات بکوژن تاوەکوو خولی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی دێت."