تەسنیم: ئەمریکا رازیبووە بە شێوەییەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی ئێران سڕ بکات
سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران ئاشکرای دەکات کە واشنتن لە دەقی نوێی پێشنیازەکانیدا، بژاردەی هەڵپەساردنی کاتی یان "بەخشین" لە سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێرانی قبووڵ کردووە، بەڵام تاران هێشتا داوای لادانی یەکجاری سزاکان دەکات.
دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، سەرچاوەکە بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەمریکییەکان، بە پێچەوانەی دەق و پێشنیازەکانی پێشووتر، لە دەقە نوێیەکەدا رازی بوون کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دانوستاندا، بە شێوەییەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی ئێران سڕی بکات.
ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، هاوکات لایەنی ئێرانی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت "هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری و گشتگیری" سەرجەم سزاکان وەک پابەندییەکی ئەمریکا لە رێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێت؛ هەروەها لایەنی ئەمریکی، تەنیا پێشنیازی هەڵپەساردنی کاتیی سزاکانی لەلایەن نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکان (OFAC) خستووەتەڕوو، ئەوەش تەنیا بۆ ماوەی گفتوگۆکان تاوەکو کاتی گەیشتن بە تێگەیشتنی کۆتایی.
ئەم پێشهاتە نیشانەی هەوڵێکی نوێی دیپلۆماسییە بۆ شکاندنی بنبەستی دانوستانەکان، بەڵام سووربوونی ئێران لەسەر گەرەنتی لادانی هەمیشەیی سزاکان وەک بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی ماونەتەوە.
دوێنێ یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێرانی، پەردەی لەسەر لیستێکی پێنج مەرجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لادا بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران، هاوکات ئاشکرای کرد کە ئێران لە بەرانبەردا پێنج داواکاریی وەک مەرجی بنیاتنانی متمانە خستووەتەڕوو.
پێنج مەرجەکەی ئەمریکا بۆ دەسپێکی گفتوگۆ:
1. ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ جۆرە قەرەبوویەک یان تێچوویەکی زیانەکانی جەنگ بە لایەنی ئێرانی نادات.
2. پێویستە ئێران بڕی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی رادەستی ئەمریکا بکات.
3. ئەمریکا تەنیا رێگە بە مانەوەی یەک بنکەی ئەتۆمی ئێران دەدات کە لە کاردا بێت.
4. واشنتن رێژەی 25%ـی پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد ناکات.
5. دەبێت دەسپێکردنی دانوستانەکان بەستراو بێت بە راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت ئەگەر ئێران ئەم مەرجانەش جێبەجێ بکات، هێشتا مەترسی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە هەر دەمێنێت.
پێنج داواکارییەکەی ئێران بۆ بنیاتنانی متمانە:
لە بەرانبەردا، تاران پێنج مەرجی بۆ چوونە ناو پرۆسەی گفتوگۆ دیاری کردووە:
1. کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، بەتایبەتی لە بەرەی لوبنان.
2. لادانی هەموو ئەو گەمارۆ و سزایانەی کە خراونەتە سەر ئێران.
3. ئازادکردنی سەرجەم پارە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی جیهان.
4. قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی جەنگ بەر ئێران کەوتوون.
5. داننان بە سەروەریی تەواوی ئێران بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.
ئەم ئاڵوگۆڕی مەرجانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ئاگربەستێکی لەرزۆکدایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دووبارەی جەنگ بەردەوامن.