تەسنیم: سەرەڕای پێشنیازەکە هێشتا ناکۆکی زۆر لە نێوان ئەمریکا و ئێران ماونەتەوە

پاکستان وەک نێوەندگیری سەرەکی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشنیازێکی نوێ و هەموارکراوی تارانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ گەیاندە واشنتن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هۆشدارییەکان لە دووبارە دەستپێکردنەوەی جەنگ و شکستی دیپلۆماسی لە هەموو کاتێک جددیترن.

دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دەقی نوێی دیدگاکانی ئێرانی داوەتە ئەمریکا، بەڵام هۆشداری دا، "هەردوولا کاتێکی زۆریان لەبەردەم نەماوە" بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان.

هەروەها سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دانوستانە بەردەوامەکاندا جۆرێک لە "نەرمی سنووردار"ی نیشان داوە، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە سنووردارکردنی کارە ئەتۆمییەکانی ئێران و سووککردنی سزاکان.

بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، واشنتن تاوەکو ئێستا تەنیا رازی بووە بە ئازادکردنی 25%ـی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، ئەوەش بەپێی خشتەیەکی کاتیی قۆناغ بە قۆناغ. لە بەرانبەردا، تاران ئەم پێشنیازەی رەت کردووەتەوە و داوای دەستگەیشتنی تەواوی بە سەرجەم داراییەکانی و هەڵوەشاندنەوەی گشتگیری سزاکان دەکات.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە ئێران پێشنیازێکی هەموارکراوی داوەتە ئەمریکا، کە کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە ململانێ و جەنگەکان، کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا و دواخستنی گفتوگۆ وردەکان دەربارەی دۆسیەی ئەتۆمی بۆ قۆناغەکانی داهاتوو لەخۆدەگرێت

تەسنیم: هێشتا کۆمەڵێک خاڵی جێناکۆکی سەرەکی لە نێوان هەردوولادا ماونەتەوە

تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، هێشتا کۆمەڵێک خاڵی جێناکۆکی سەرەکی لە نێوان هەردوولادا ماونەتەوە، ئێران ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی داواکارییەکانی لەگەڵ واقیعدا ناگونجێن.

هاوکات ئاژانسی (تەسنیم)ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمە دانوستانکارەکەوە بڵاوی کردەوە، کە ئێران بە هیچ شێوەیەک لە سێ مەرجی سەرەکی خۆی پاشەکشە ناکات، کە بریتین لە کۆتاییهێنانی یەکجاری بە ململانێ و جەنگەکان، گەڕاندنەوەی تەواوەتی سەرجەم داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بەبێ هیچ مەرجێک و داواکردنی قەرەبووی دارایی بەرانبەر بەو زیانانەی کە بەهۆی کارە سەربازییەکانی ئەمریکاوە بەر ژێرخان و وڵاتەکە کەوتوون.

هەر بەپێی زانیارییەکانی تەسنیم، تاران بە توندی ئەو پێشنیازەی ئەمریکای ڕەت کردووەتەوە کە دەیەوێت پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ ببەستێتەوە بە پابەندییە ئەتۆمییەکانەوە. ئێران دەڵێت داواکارییەکانی ئەمریکا دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا "پاساوی سیاسی"ن و ڕێگری دەکەن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

کێشە سەرەکییەکانی بەردەم دانوستان بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران 

هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش پشتڕاستی کردەوە کە "دیدگاکانی تاران لە رێگەی پاکستانەوە گەیەندراونەتە لایەنی ئەمریکی". سەرچاوە پاکستانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەردوولا بەردەوام مەرجەکانیان دەگۆڕن و ئەمەش گەیشتن بە رێککەوتنی قورس کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی وڵاتەکەی بۆ هەموو سیناریۆیەکان ئامادەیە و "وەڵامی گونجاومان دەبێت بۆ بچووکترین هەڵەی لایەنی بەرانبەر".

کێشە سەرەکییەکانی بەردەم دانوستان بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، هەڵگرتنی ئابڵۆقەی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکان، ڕاگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان (بە تایبەت لە لوبنان) و دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوت.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، سەرچاوەکە بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەمریکییەکان، بە پێچەوانەی دەق و پێشنیازەکانی پێشووتر، لە دەقە نوێیەکەدا رازی بوون کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دانوستاندا، بە شێوەییەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی ئێران سڕی بکات.

ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، هاوکات لایەنی ئێرانی جەخت دەکاتەوە کە دەبێت "هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری و گشتگیری" سەرجەم سزاکان وەک پابەندییەکی ئەمریکا لە رێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێت؛ هەروەها لایەنی ئەمریکی، تەنیا پێشنیازی هەڵپەساردنی کاتیی سزاکانی لەلایەن نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکان (OFAC) خستووەتەڕوو، ئەوەش تەنیا بۆ ماوەی گفتوگۆکان تاوەکو کاتی گەیشتن بە تێگەیشتنی کۆتایی.

دوێنێ یەکشەممە 17ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێرانی، پەردەی لەسەر لیستێکی پێنج مەرجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لادا بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ تاران، هاوکات ئاشکرای کرد کە ئێران لە بەرانبەردا پێنج داواکاریی وەک مەرجی بنیاتنانی متمانە خستووەتەڕوو.

پێنج مەرجەکەی ئەمریکا بۆ دەسپێکی گفتوگۆ:

1. ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ جۆرە قەرەبوویەک یان تێچوویەکی زیانەکانی جەنگ بە لایەنی ئێرانی نادات.

2. پێویستە ئێران بڕی 400 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی رادەستی ئەمریکا بکات.

3. ئەمریکا تەنیا رێگە بە مانەوەی یەک بنکەی ئەتۆمی ئێران دەدات کە لە کاردا بێت.

4. واشنتن رێژەی 25%ـی پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد ناکات.

5. دەبێت دەسپێکردنی دانوستانەکان بەستراو بێت بە راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت ئەگەر ئێران ئەم مەرجانەش جێبەجێ بکات، هێشتا مەترسی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە هەر دەمێنێت.

پێنج داواکارییەکەی ئێران بۆ بنیاتنانی متمانە:

لە بەرانبەردا، تاران پێنج مەرجی بۆ چوونە ناو پرۆسەی گفتوگۆ دیاری کردووە:

1. کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، بەتایبەتی لە بەرەی لوبنان.

2. لادانی هەموو ئەو گەمارۆ و سزایانەی کە خراونەتە سەر ئێران.

3. ئازادکردنی سەرجەم پارە و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی جیهان.

4. قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی جەنگ بەر ئێران کەوتوون.

5. داننان بە سەروەریی تەواوی ئێران بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.

ئەم ئاڵوگۆڕی مەرجانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە ئاگربەستێکی لەرزۆکدایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دووبارەی جەنگ بەردەوامن.

هەر دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) کە ئاڕاستەی سەرکردایەتی ئێرانی کردبوو، رایگەیاندبوو: "بۆ ئێران، کات خەریکە کۆتایی دێت (کاتژمێرەکە کەوتووەتە لێدان). باشترە بە خێرایی هەنگاو بنێن و بڕیار بدەن، ئەگەر نا هیچ شتێکیان لێ نامێنێتەوە."