سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل بەرپەرچی دوو مووشەکی دایەوە
ئەمرۆ دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، ئیسرائیل رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەیان بەرپەرچی دوو مووشەکیان داوەتەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل رێگریی لە مووشەکێک کردووە کە لە باشووری لوبنانەوە هەڵدرابوو، و یەکێکی دیکەشیان لە ناوچەیەکی کراوە کەوتووەتە خوارەوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوای زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی "مەتولا" و "کریات شمۆنە"، چەندین مووشەک دەستنیشانکراون کە ئاراستەی ئەو هێزانەی سوپا کراون کە لە باشووری لوبنان کاردەکەن.
بەپێی راگەیندراوێکی سوپای ئیسرائیل، بەشێک لەو مووشەکانە سنووری ئیسرائیلیان بەزاندووە و سیستمی بەرگری ئاسمانی بەرپەرچی داونەتەوە، لە کاتێکدا چەند مووشەکێکی دیکە لە ناوچە چۆڵەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە، سوپا دووپاتی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
لە بەشێکی دیکەی راگایەندراوەکەدا هاتووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کە لەلایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە تەقێندرابوو، لەناو خاکی ئیسرائیل و لە نزیک سنووری لوبنان کەوتووەتە خوارەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانە، پاشماوە و مووشەک لە شارۆچکەی "شۆمێرا" دۆزراوەتەوە.