وەزارەتی دەرەوەی عێراق: لە نێو خاکی وڵاتەکەمان هێرش نەکراوەتە سەر سعوودیە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر هەواڵی بەئامانجگرتنی سعوودیە بە سێ درۆن دەربڕی و رایگەیاند، رادەر و بەرگریی ئاسمانیی عێراق هیچ زانیارییەکیان لەسەر هەڵدانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە نێو خاکی عێراقەوە تۆمار نەکردووە.
دووشەممە 18ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر ئەو هەواڵانە دەربڕی کە باس لە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی سعوودیە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەکەن.
وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کرد، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە؛ جەختیشی لەوە کردەوە کە "هیچ زانیارییەک لە رێگەی ئامێرەکانی بەرگریی ئاسمانی و راداری عێراقەوە تۆمار نەکراوە کە ئاماژە بە تێپەڕبوون یان هەڵدانی ئەو درۆنانە بدات لە نێو خاکی عێراقەوە."
عێراق داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعوودیە کرد کە هاوکارییان بکەن و زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن، تاوەکو بگەنە زانیارییەکی ورد و راست کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات بکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەسەر قوڵایی پەیوەندییە مێژوویی و برایانەکانی نێوان بەغدا و ریاز کردەوە و رایگەیاند: "هەڵوێستی عێراق نەگۆڕە لە رەت کردنەوەی هەر هێرشێک کە وڵاتانی دراوسێ بکاتە ئامانج. ئێمە رێز لە سەروەری و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتان دەگرین و هەر کارێک رەت دەکەینەوە کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە یان زیان بە پەیوەندییەکانمان بگەیەنێت."
دوێنێ یەکشەممە، تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، ڕایگەیاندبوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە رێگری لە سێ درۆن بکەن و تێکیانبشکێنن، دوای ئەوەی لە سنووری ئاسمانیی عێراقەوە هاتبوونە نێو وڵاتەکەی.