تیروپشكی قۆناغی 16ـی جامی عێراق راكێشرا
كلاسیكۆی كوردستان بەبێ هاندەر لە یاریگەی دهۆك دەكرێت
تیروپشكی قۆناغی 16ـی جامی عێراق راكێشرا و رووبەڕووبوونەوەی ئاگرینی لێكەوتەوە، دهۆك و هەولێر بەرامبەر یەكتر یاری دەكەن، ئەركی زاخۆش تاڕادەیەك ئاسانە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18 ئایاری 2026، لێژنەی پێشبڕكێیەكان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم یانە بەشداربووەكانی جامی عێراق، تیروپشكی قۆناغی 16ـی پاڵەوانێتییەكە راكێشرا.
بەپێی تیروپشكەكە، دهۆك و هەولێر لە قۆناغی 16ـی جامی عێراق لە یاریگەی دهۆك بەیەك دەگەن، یارییەكەش بەبێ هاندەر دەكرێت، بەوپێیەی دهۆك بەهۆی رووداوەكانی یاریی كۆتایی جامی عێراقی وەرزی رابردوو بۆ چوار یاریی لە ئامادەبوونی هاندەرانی بێبەش دەبێت.
لە یارییەكی دیكەیشدا، زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی مینا دەكات، یانەی شورتە و بەحری رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
قوە جەوییە بەرامبەر كەربەلا یاری دەكات، زەورا و نەفتی میسان بەیەك دەگەن، یانەی تەڵەبەش میوانداریی كەرخ دەكات. گەرمەش لەنێو یاریگە و بەردەم هاندەرانی رووبەڕووی حەشدی شەعبی دەبێتەوە.
یارییەكانی قۆناغی 16ـی جامی عێراق بە سیستەمی یەك یاریی یەكلاكەرەوە بەڕێوە دەچێت، یارییەكانیش لە رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو دەستپێدەكات، رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو قۆناغی چارەكی كۆتایی بەڕێوە دەچێت.
یارییەكانی پێشكۆتاییش لە رۆژی 14ـی مانگی داهاتوو دەكرێن. بڕیارە یاریی كۆتایی جامی عێراقیش لە رۆژی 18ـی مانگی داهاتوو بكرێت.