شه‌پۆلێكی خۆڵبارینی فراوان ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ده‌گرێته‌وه
ده‌سته‌ی كه‌شناسیی عێراق هۆشدارییه‌كی به‌په‌له له‌باره‌ی شه‌پۆلێكی به‌هێزی خۆڵبارین بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، شه‌پۆله‌كه له ئه‌نباره‌وه ده‌ستیپێكردووه و چه‌ندین پارێزگای دیكه‌ش ده‌گرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 18ـی ئایاری 2026، ده‌سته‌ی كه‌شناسیی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا هۆشداریی دایه دانیشتووانی پارێزگای ئه‌نبار و ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له كاتژمێره‌كانی داهاتوودا شه‌پۆلێكی به‌هێزی خۆڵبارین به‌ره‌و به‌غدای پایته‌خت و پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
كه‌شناسیی عێراق جه‌ختی له‌وه‌ش كردووه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌وه مه‌ودای بینین به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و له‌ناكاو كه‌مده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خێرایی با له ناوچه به‌رفراوانه‌كانی ئه‌نبار گه‌یشتووه‌ته نێوان (80-90) كیلۆمه‌تر له كاتژمێرێكدا.
هەروەها باس لەوەش کراوە "له شاره‌كانی ناوڕاست و باشووری عێراق به‌هۆی نزمەپاڵەپەستۆوە خێرایی با تا راده‌یه‌ك كه‌متر ده‌بێت، به‌ڵام كاریگه‌ریی خۆڵبارینه‌كه هه‌ر ده‌مێنێت."
سه‌باره‌ت به كۆتاییهاتنی كاریگه‌ریی ئه‌و شه‌پۆله، ده‌سته‌ی كه‌شناسی رایگه‌یاندووه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له كاتژمێره‌كانی ئێواره و شه‌ودا خێرایی با كه‌م ببێته‌وه، به‌ڵام تۆز و خۆڵه‌كه به شێوه‌ی هه‌ڵواسراو له ئاسماندا دەمێنێتەوە.