بەشار موشیر: لەبەر چەند هۆکارێک بەرهەمی پەتاتە نزیکەی 70% کەم دەکات

کۆکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕ (ئەرشیفی ساڵی رابردوو)
کۆکردنەوەی بەرهەمی پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕ (ئەرشیفی ساڵی رابردوو)

خاوەنی کۆمپانیایەکی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی پەتاتە دەڵێت، بەهۆی بارانی زۆر و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، بەرهەمی ئەمساڵی پەتاتە بە نزیکەی %70 کەم دەبێت و هاتنی پەتاتەی قاچاغیش زیانی زۆری بە جووتیاران گەیاندووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، بەشار موشیر، خاوەنی کۆمپانیای "کەی ئێچ" بۆ هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی پەتاتە بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، "بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بارانی زۆر، بەرهەمی پەتاتە لە هەموو کوردستان و بەتایبەت لە دەشتی ناوکوڕی بەردەڕەش، بە رێژەی %60 بۆ %70 کەمتر دەبێت لە ساڵی رابردوو".

جووتیار بەشار موشیر ئاماژەی بەوە کرد، "نەخۆشیی ژەنگاری پێشوەختە (لەفحەی پێشوەختە) لە کێڵگەکاندا بڵاوبووەتەوە و نەخۆشییەکی کوشندەیە، جووتیارانیش دەرمانی زۆر خراپیان دەستکەوتووە و زۆربەیان بەسەرچوو بوون و نەیانتوانیوە رێگری لەو نەخۆشییە بکەن".

بەشار موشیر روونیشی کردەوە، "بارانبارینی زۆر تەنیا بۆ گەنم باش بوو، بەڵام زیانی زۆری بە پەتاتە، پیاز، شووتی و سەوزەوات گەیاندووە". ئەوەشی خستە روو، بەهۆی باران و قوڕاویبوونی زەوییەکان، رێگە نەبووە تراکتۆر بچێتە ناو کێڵگەکان بۆ دەرمانڕشتن، شێی زۆری دوای بارانیش نەخۆشییەکەی خێراتر بڵاو کردەوە.

سەبارەت بە نرخ لە بازاڕەکاندا، خاوەنی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە دا، پەتاتەیەکی زۆری ئێرانی لە سنووری باشماخەوە بە قاچاغ دێتە ژوورەوە، ئەوەش وای کردووە نرخی یەک تۆن پەتاتە لە 800 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار دابەزێت. روونیشی کردەوە، جووتیاران تووشی زیانێکی زۆر بوون و ناتوانن قەرزەکانی کۆمپانیاکان و کرێی کارەبا و سووتەمەنی بدەنەوە.

ساڵی رابردوو بەشێکی زۆری پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرا. لەمبارەوە بەشار موشید گوتی، "پەتاتە هەناردەی دەرەوە ناکرێت، چونکە ئەمساڵ بەرهەمەکە بەشی پێداویستی ناوخۆش ناکات و تێچووی گواستنەوەش زۆر بەرزە".

 ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەی سیاسی و رێگریی بازگەکان لە ناردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، کێشەی گەورەی بۆ جووتیاران دروست کردووە.

لە پێنج ساڵی رابردوودا، بە تێکڕا بۆ هەر ساڵێک، زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرا. زۆرترین پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش، لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرهەم هێنراون کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بووە؛ بەڵام پێشبینی دەکرێت، ئەمساڵ، رێژەکە بگاتە 150 هەزار تۆن. 

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 جۆر پەتاتە بەرهەم دەهێندرێن. کوالیتیی پەتاتەی جووتیارانی هەرێم، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترینە، ئەمەش وای کردووە لە وڵاتانی کەنداو خواستێکی زۆری لەسەر بێت. 

لە ساڵانی رابردوو، پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتانی کەنداو، رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەفریقیای باشوور، بەریتانیا و چەندان وڵاتی دیکە کراوە.