ئیبراهیم خەلیل.. زیاتر لە 3500 تۆن کەلوپەل گەڕێندراونەتەوە و لەناوبراون

وێنە؛ بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل
وێنە؛ بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل

بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 3550 تۆن کەلوپەلی جۆراوجۆر بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەکان، لە لایەن تاقیگە و لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە رەتکراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە یان لەناوبراون.

بەگوێرەی ئامارێکی رێوەبەرایەتی دەروازەکە، لە ماوەی نێوان 1ی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو 30ی نیسانی 2026، بڕی 3550 تۆن کەلوپەلی جۆراوجۆر کە ویستراوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن، بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ رێنماییەکانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێگرییان لێکراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە زۆربەی ئەو کەلوپەلانە بۆ وڵاتی سەرچاوە گەڕێندراونەتەوە و بەشێکیشیان لەناو بردراون. کەلوپەلەکان پێکهاتبوون لە کەرەستەی تەندروستی (خۆراک و خواردنەوە)، کشتوکاڵی، ڤێتێرنەری، کەرەستەی بیناسازی و پێداویستییەکانی جوانکاری.

رێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، دەستخۆشی و سوپاسی بۆ کارمەند و ستافەکانی دەربڕیوە کە بە خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانیان لە پێناو پاراستنی کوالیتی و سەلامەتی هاووڵاتییان جێبەجێ کردووە.