سوپای رووسیا مانۆڕێکی ئەتۆمی هاوبەشی دەستپێکرد

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، سوپای رووسیا مانۆڕێکی سەربازیی ئەتۆمی بەفراوانی دەستپێکرد کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەم جووڵە سەربازییە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر قووڵایی خاکی رووسیا و لە لایەکی تریشەوە هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی ڤلادیمێر پووتین بۆ چین.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "لە 19 تا 21ـی ئایاری 2026، هێزە چەکدارەکانی رووسیا مانۆڕێک لەسەر ئامادەکردن و بەکارهێنانی هێزە ئەتۆمییەکان لە کاتی بوونی هەر هەڕەشەیەک دەکەن ."

وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، مانۆڕەکە لەسەرانسەری وڵاتی بێلارووس بەڕێوەدەچێت، کە زیاتر لە 65 هەزار سەرباز تێیدا بەشدارن، نزیکەی 7 هەزار 800 جۆر کەرەستە و چەک بەکاردەهێنرێن. هەروەها زیاتر لە 200 سەکۆی هەڵدانی موووشەک جێگیر کراون.

ئاماژەی بەوەش دا، فڕۆکە جەنگییەکان، کەشتییەکان، ژێر دەریایییە ئاسایییەکان و ژێر دەریایییە ئەتۆمییەکان لە مانۆڕەکە بەشدارن. لە میانەی مەشقەکاندا، تاقیکردنەوەی هاوێشتنی موووشەکی بالیستی و کرووز دەکرێت.

ئەم مانۆڕە گەورەیە چەند مانگێک دوای ئەوە دێت کە دواهەمین ڕێککەوتننامەی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی لە نێوان واشنتن و مۆسکۆ کە بە رێککەوتنی New START ناسرابوو لە مانگی شوباتی رابردوودا بە تەواوی هەرەسی هێنا، ئەمەش بە فەرمی هەردوو زلهێزە ئەتۆمییەکەی جیهان لەو بەربەست و سنووردارکردنانە رزگار کرد کە پێشتر لەسەری رێککەوتبوون.

مۆسکۆ لە راگەیەندراوەکەدا روونیکردەوە، مەشقەکان راهێنانی هاوبەش و بەکارهێنانی ئەو چەکە ئەتۆمییانەش دەگرێتەوە کە لەسەر خاکی بیلارووس جێگیر کراون، بەتایبەت موووشەکی "ئۆرێشنیک" کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و لە بیلارووس هاوسنووری ناتۆ جێگیر کراوە.

راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی بیلارووس لەبارەی مانۆڕەکە

هاوکات وەزارەتی بەرگریی بیلارووس لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مانۆڕەکە بە شێوەیەکی مەیدانی و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی رووسیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی سەرەکیش تاقیکردنەوەی ئامادەیی سوپای هەردوو وڵاتە بۆ گواستنەوە، ئامادەکردن و هەڵدانی چەکی ئەتۆمی بەشێوەی گەڕۆک و جێگیر، کە تێیدا هێزە ئاسمانی و مووشەکییەکان بەشدارن.

وەزارەتەکە جەختیشی کردەوە، ئەم مانۆڕانە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا دەکرێن و هیچ وڵاتێکی سێیەم ناکەنە ئامانج، هەروەها مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکەش دروست ناکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و هاوپەیمانی ناتۆ گەیشتووەتە لووتکە و لێکگەیشتنەکانیش لەگەڵ واشنتن سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی بە تەواوی وەستاون.

ئەم مانۆڕە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە ئۆکرانیا گەورەترین هێرشی درۆنی کردە سەر مۆسکۆ و دەوروبەری، کە بەپێی سەرچاوەکان لانیکەم سێ کەس تێیدا کوژران. کیێڤ رایگەیاند، لەو هێرشەدا گەورەترین پاڵاوگەی مۆسکۆ، کۆگایەکی نەوتی لە سۆلنێچنۆگۆرسک و کارگەیەکی مایکرۆ ئەلیکترۆنیکی پێکاوە.

هەڵوێستی ئۆکرانیا لەسەر مانۆڕەکە 

لە بەرامبەر ئەم جووڵانەدا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە کە سنوورەکانی باکوور لەگەڵ بیلارووس بەهێز بکەن، بەو پێیەی "مۆسکۆ خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی نوێ."

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا ئەم مانۆڕانەی شەرمەزار کرد و جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلاڕووس بە "تەحەدایەکی بێ وێنە" بۆ ئاسایشی جیهانی وەسف کرد و رایگەیاند، "کرێملن بە گۆڕینی بیلاڕووس بۆ بنکەیەکی ئەتۆمی لە نزیک سنوورەکانی ناتۆ، بە شێوەیەکی کاریگەر شەرعیەت دەدات بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە سەرانسەری جیهاندا و پێشینەیەکی مەترسیدار بۆ پاوانخوازیەکانی دادەنێت."

کیێڤ داوای لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کرد سزاکانی سەر رووسیا و بیلاڕووس توندتر بکەنەوە. بەڵام لە بەرامبەردا، کۆشکی کرێملن تۆمەتەکانی ئۆکرانیای رەتکردەوە و بە هەوڵێک بۆ هاندانی زیاتر ناوبرد.

لە شوباتی 2022 رووسیا هێرشێکی گەورە و بەفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، لە جەنگەکەدا دەیان هەزار کەس کەژراون و بریندار بوون و ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارە بوون.