هەولێر.. عەلی حوسێن پێشانگەیەکی شێوەکاری کردەوە

عەلی حوسێن، هونەرمەندی شێوەکار، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناوی "بارانە رەنگ"، لە گەلەری میدیا لە هەولێر کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، عەلی حوسێن، هونەرمەندی شێوەکار، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەو پێشانگەیە تەنیا کۆمەڵێک تابلۆ نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی هەست و دۆخی دەروونی مرۆڤ بە زمانێکی بێ وشە؛ زمانێکی پڕ لە رەنگ، جوڵە. من لە رێگەی ئەم تابلۆیانەوە  هەوڵ دەدەم بینەر لە چوارچێوەی وێنەی کلاسیکی دوور بخەمەوە و بیبەمە ناو جیهانێکی کراوەی هەست و خەیاڵ."

عەلی حوسێن گوتیشی، "لە ناوەڕۆکی کارەکانم دا، رەنگەکان تەنیا بۆ جوانکاری بەکارنەهاتوون، بەڵکو هەر رەنگێک مانا و هەستێکی تایبەتی هەیە. شینی فراوان لە ناو تابلۆکاندا هەست بە ئارامی، قووڵایی و ئاوی ژیان دەدات، لە کاتێکدا سوور هێمای توڕەیی، ژیانە، زەردیش وەک تیشکی هیوایە کە لە ناو تاریکییەکان دا دەدرەوشێتەوە. ئەم تێکەڵبوونەی رەنگەکان وا دەکات بینەر هەست بکات لە بەرانبەر بارانێکی هەست و بیرکردنەوەدا وەستاوە."

ئەو هونەرمەندە باس لە شێوازی ئەبستراکت لەنێو تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "شێوازی ئەبستراکت لەو پێشانگەیەم دا گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە من روون و راست شتێک وێنا ناکەم، بەڵکو بینەر ئازاد دەکەم کە مانای تایبەتی خۆی تێدا بدۆزێتەوە. لەبەر ئەوە هەر کەسێک کە سەیری تابلۆکانم دەکات، لەوانەیە هەست و چیرۆکێکی جیاواز بخوێنێتەوە. ئەوەی یەکێک وەک ئاگر دەیبینێت، کەسێکی تر لەوانەیە وەک باران یاخود ملمڵانێی ناوخۆ بیخوێنێتەوە."

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەش دا، "ناوی "بارانە رەنگ"، خۆی هەڵگری واتایەکی شاعیرانەیە؛ وەک ئەوەی رەنگەکان لە ئاسمانەوە دەبارن بەسەر هەستی مرۆڤدا. من لە رێگەی ئەم پێشانگەیەوە باس لە ژیان، گۆڕان، ئاڵۆزی و هیوای مرۆڤ دەکەم، بەبێ ئەوەی پێویستیم بە وشە هەبێت. هەر بۆیە پێشانگەکە نزیک دەبێتەوە لە هونەرێکی هەستیار و دەروونی، نەک تەنیا وێنەسازییەکی رووکار."

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری و کاری دەستی، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئایاری 2026، پێشانگەیەکی شێوەکاری بۆ عەلی حوسێن، لە گەلەری میدیا لە هەولێر کرایەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

دیمەنی پێشانگەی بارانە رەنگ