بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێتی و نەوەی نوێ، کۆنفرانسێکی گرنگی پەرلەمانی هەڵوەشایەوە

عەدنان موفتی: پێویستە پەرلەمان بەخێرایی کارا بکرێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، بڕیاربوو کۆنفرانسێکی بەرفراوان و گرنگ بە بەشداری تەواوی پەرلەمانتاران، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی لەناکاوی نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، کۆنفرانسەکە دواخرا و بەڕێوەنەچوو.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "تا ئێوارەی دوێنێ هیچ کێشەیەک لەئارادا نەبوو و سەرجەم لایەنەکان رەزامەندییان نیشاندابوو، تەنانەت بەرنامە و پڕۆگرامی کۆنفرانسەکە بە تەواوی ئامادەکرابوو کە بڕیاربوو سێ پانێلی جیاواز لەخۆ بگرێت، بەڵام شەوی رابردوو، بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکە لەلایەن یەکێتی و نەوەی نوێوە ئاگادارکرانەوە کە بەشداری ناکەن، ئەمەش وایکرد بەپەلە و لە درەنگانی شەودا پەیوەندی بە پەرلەمانتارانەوە بکرێت و لە دواخستنی کۆنفرانسەکە ئاگادار بکرێنەوە."

هاوکات لەگەڵ تێکچوونی سازدانی کۆنفرانسەکە، عەدنان موفتی، سیاسەتمەدار و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، هۆشداریی توندی لە دۆخی سیاسی ئێستا دا و رایگەیاند، "کەس بە تەنیا سەرکەوتوو نابێت. هەنگاوی یەکەم و سەرەکی ئەوەیە کە لایەنەکان پێکەوە دانیشن، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەنەوە و بە پەلە پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، پێویستە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و ئینجا ستراتیژییەتێک دابڕێژرێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکاندا."

عەدنان موفتی لە بەشێکی تری قسەکانیدا ئاماژەی بە مەترسییە هەرێمییەکان کرد و گوتی: "لە جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدا ئێمە لایەنێک نەبووین لە هاوکێشەکەدا، بەڵام بینیمان چۆن هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانج. بۆیە ئەگەر ئەم جەنگە درێژە بکێشێت و ناوماڵی خۆمان رێکنەخەین، دۆخەکە هەرگیز بەسوودی ئێمە ناشکێتەوە."