ئەمریکا.. هێرشێکی چەکداری بۆ سەر مزگەوتێک قوربانی لێکەوتەوە

لە شاری سان دیێگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، دوو گەنج هێرشیان کردە سەر مزگەوتێک و 3 کەسیان کوشت، دواتر هێرشبەرەکانیش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. پۆلیس دەڵێت هێرشەکە بە گومانی "تاوانی رقاوی" لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت.

بەیانی رۆژی دووشەممە، تەقەکردن لە ناوەندی ئیسلامی سان دیێگۆ کە گەورەترین مزگەوتی ناوچەکەیە کراوە. کاتێک هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە، تەرمی سێ کەسیان لەبەردەم باڵەخانەی مزگەوتەکەدا دۆزییەوە کە بە فیشەک کوژرابوون.

دوای ماوەیەکی کەم، پۆلیس تەرمی هەردوو گومانلێکراوەکەی دۆزییەوە کە تەمەنیان 17 و 18 ساڵ بوو، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا کە چەند کۆڵانێک دوور لە مزگەوتەکە بە دەستی خۆیان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو. هێرشبەرەکان پێش ئەوەی خۆیان بکوژن، تەقەیان لە باخەوانێکیش کردبوو بەڵام رزگاری ببوو.

سکۆت واڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی سان دیێگۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێک لە کوژراوەکان پاسەوانێکی ناوەندەکە بووە و رۆڵێکی "قارەمانانە"ی گێڕاوە لە رێگریکردن لەوەی هێرشەکە قوربانی زیاتری لێ بکەوێتەوە. ئەو پاسەوانە باوکی هەشت منداڵ بووە و بە گوتەی پۆلیس بێگومان ژیانی چەندین کەسی دیکەی رزگار کردووە.

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە هێرشەکە رەهەندی "تاوانی رقاوی" هەبووە، چونکە یەکێک لە هێرشبەرەکان نامەیەکی جێهێشتووە کە گوزارشت لە رق و کینە بەرانبەر بە موسڵمانان دەکات. هەروەها دایکی یەکێک لە هێرشبەرەکان پێشتر پۆلیسی ئاگادار کردبووەوە کە کوڕەکەی بە جلی سەربازی و چەند چەکێکی دایکییەوە ماڵی جێهێشتووە.

تەها حەسەن، ئیمامی مزگەوتی سان دیێگۆ لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەمە کارێکی قێزەونە کە شوێنێکی خودا پەرستی بکرێتە ئامانج، مزگەوت ماڵی خودایە و مەیدانی جەنگ نییە."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کاردانەوەی بەرانبەر رووداوەکە هەبوو و بە "دۆخێکی ترسناک" وەسفی کرد و جەختی کردەوە کە ئیدارەکەی بە جیدی بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە دەکات. هاوکات گاڤین نیوسۆم، پارێزگاری کالیفۆرنیا رایگەیاند، ویلایەتەکەیان بە هیچ شێوەیەک رێگە بە کردەوەی تیرۆریستی و تۆقاندن دژی پێکهاتە ئایینییەکان نادات.