رێکارەکانی دامەزراندنی بانکی "نیشتمان" خێراتر دەکرێن
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئایاری 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکی "نیشتمان" کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی سەرپەرشتیار دوایین هەنگاوە جێبەجێکراوەکانی تایبەت بە دامەزراندنی بانکی "نیشتمان" خستە روو؛ کە خۆی لە دابینکردنی باڵەخانەی گونجاو، پێکهێنانی ئەنجوومەنی کارگێڕی، دابینکردنی ژێرخانی کارگێڕی، دارایی و ئەلکترۆنیدا دەبینێتەوە.
وەک ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، وەزیری دارایی و ئابووری، وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەکە، تیشکی خستە سەر گرنگی و بایەخی ئەم بانکە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان لە رووی بەدیهێنانی شەفافیەت، سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و پەرەپێدانی سیستەمی دارایی و بانک.
وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: "لە ماوەی رابردوودا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی دامەزراندنی ئەم بانکە بووین، کە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گرنگە؛ بۆ داهاتووش لە پێشکەشکردنی هەر هاوکاری و کارئاسانییەک درێغی ناکەین".
هاوکات داوای لە لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکەکە کرد، کە تەواوی هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ، بۆ ئەوەی هەرچی زووە رێکارە کارگێڕی، یاسایی و هونەرییەکان کۆتاییان بێت و بانکەکە لە نزیکترین کاتدا بە فەرمی دەستبەکار بێت.
دەربارەی بانکی نیشتمان:
- لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی دامەزراندنی پێدراوە.
- بارەگای سەرەکی لە شاری هەولێر دەبێت.
- لقی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
دوای دەستبەکاربوونیشی، چەندین خزمەتگوزاریی پێشکەوتووی دارایی و بانکی، پێشکەش بە هاووڵاتییان، فەرمانبەران و بازرگانان دەکات.