کەمال کەرکووکی: پارتی ئامادەی کاراکردنەوەی پەرلەمانە

دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند؛ پەرلەمان لە هەموو سیستەمە دیموکراسییە پەرلەمانییەکانی جیهاندا بە باڵاترین دامەزراوەی دەستووری دادەنرێت و ئەرکی پاراستنی دامەزراوە سیاسییەکان و متمانەبەخشینە بە حکوومەت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، دکتۆر کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی رایگەیاند؛ ئاماژەی بەوە کرد، "ناکرێت پەرلەمان بەهۆی هیچ ئەگەرێکەوە دوابخرێت، ئەوە تاوانێکی گەورەیە کە ئەمڕۆ دەکرێت." جەختیشی کردەوە، پارتی و فراکسیۆنەکانی دیکە لەناو پەرلەماندا ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان، بەڵام ئەوانەی ئامادە نین و نایەنە ناو هۆڵی پەرلەمان خیانەتیان لەو سوێندە کردووە کە بۆ خزمەتی گەل و پاراستنی مافەکان خواردوویانە و لەبەردەم مێژوو، خودا و ویژدانی گەلدا بەرپرسیارن.

کەرکووکی داوای لە لایەنەکان کرد، ئەگەر راست دەکەن، بێنە ناو پەرلەمان، سەرۆکایەتی دابنێن، لیژنەکان کارا بکەنەوە و یاسا دەربکەن، نەک تەنیا لە کۆتایی مانگدا مووچە وەربگرن بەبێ ئەوەی بەرگریی لە مافی خەڵک بکەن. گوتیشی: "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا نەبێت، ناتوانرێت بەرگریی لەو ماددە دەستووریانە بکرێت کە لە دەستووری عێراقدا بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان چەسپێنراون."

سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت و ژمارەی کورسییەکان، دکتۆر کەمال کەرکووکی رایگەیاند؛ پارتی ئامادەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا 49 کورسی بە زۆرینە دادەنرێت، چونکە سێ پەرلەمانتار سوێندی یاساییان نەخواردووە و مافیان نەماوە.

دەربارەی داواکاریی 50 بە 50 لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، گوتی: "ئەوە بابەتێکی سیاسی نێوان شاندی هەردوولایە، بەڵام لەناو پەرلەماندا 50 بە 50 نییە، چونکە پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی هەیە، لایەنەکانی دیکەش بەپێی دەنگی خەڵک خاوەن کورسی خۆیانن."

کەمال کەرکووکی باسی لەوە کرد، پارتی حزبێکی خاوەن مێژوو و شکۆیە و هەمیشە هەنگاوەکانی لە بەرژەوەندی خەڵکدایە. رایگەیاند؛ پارتی هەرگیز لەگەڵ پەکخستنی پەرلەمان نییە، دەرگای گفتوگۆی لەسەر هیچ لایەنێک دانەخستووە و بۆ هەر هەنگاوێکیش پلانی خۆی هەیە کە لە کاتی گونجاودا رایدەگەیەنێت.