ئێران: خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگی ئێمەدا نییە و بۆ جەنگ یان شەهیدبوون ئامادەین
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرانبەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی کاتیی هێرشەکان، رایگەیاند وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر باری فشار و هەڕەشە و بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لە ئامادەباشی تەواودایە.
سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: "ئەمریکا دەڵێت هێرشەکانی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە بۆ ئەوەی دەرفەت بداتە دانوستان، بەڵام لە هەمان کاتدا باس لە ئامادەیی بۆ هێرشێکی وێرانکەر دەکات. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ناوی (هەڕەشە) بنێیت (دەرفەت بۆ ئاشتی)! ئەوەی ئەمریکا دەیکات تەنیا فشارێکی رووپۆشکراوە بۆ سەپاندنی داواکارییەکانی."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە گەلی ئێران یەکگرتووە و گوتی: "بۆ ئێمە، خۆبەدەستەوەدان هیچ مانایەکی نییە؛ ئێمە یان سەردەکەوین یان شەهید دەبین." ناوبراو راشیگەیاند: "ئێمە نەتەوەیەکی گەورەین و ناومان لە مێژوودا تۆمار کراوە؛ لە نێوان هەموو رەنگەکاندا رەنگی سوورمان (خوێن) هەڵبژاردووە، و لە نێوان هەموو جۆرەکانی مردنیشدا، شەهیدبوونمان هەڵبژاردووە."
سەرەڕای بەڕێوەچوونی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە رێگەی پاکستانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دا کە هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سەربازی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان بە وەڵامێکی توند و کوشندە رووبەڕوو دەبێتەوە.
هەروەها میدیاکانی ئێران لە زاری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاویان کردووەتەوە، پێشنیازەکەیان کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە:
کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، بە تایبەتی لە لوبنان.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران.
پێدانی قەرەبوو بەرانبەر بەو زیانانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەر ئێران کەوتوون.
هەڵگرتنی گشتگیر و یەکجاریی سزاکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان.
کۆتاییهێنان بە ئابڵۆقەی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو لەسەر داوای سەرکردەکانی کەنداو هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئێران دواخستووە، بەڵام هۆشداری دابوو کە کات بۆ تاران خەریکە تەواو دەبێت. تاران بەم پەیامانە دەیەوێت نیشانی بدات کە هێشتا ئامادەی سازشکردن نییە لە ژێر هەڕەشەی سەربازیدا.