ترەمپ: سەرۆکی چین بەڵێنی پێداوم هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئێران نەنێرێت

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زەبرێکی زۆریان لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەشاندووە و زۆرینەی توانای مووشەکی، درۆنی و هێزی دەریایی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە، جەختیشی کردەوە کە تاران لەژێر کاریگەریی ئەم بۆردوومانانەدا بە پەرۆشەوە داوای رێککەوتن دەکات.

سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ رۆژنامەنووسان، ڕایگەیاند تاران لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە و بە پەرۆشەوە داوای ڕێککەوتن دەکەن؛ ئاشکراشی کرد کە زەبرێکی ئەوەندە گەورەیان لە ئێران وەشاندووە کە ئەگەر ئێستا جەنگەکە بوەستێت، "ئەوان پێویستیان بە 25 ساڵ دەبێت تەنیا بۆ ئەوەی خۆیان بنیات بنێنەوە".

ترەمپ بۆ رۆژنامەنووسان هەندێک ئامارە سەربازییەکانی خستەڕوو و ئاماژەی دا، 82%ـی توانای مووشەکیی ئێران لەناوچووە، زۆرینەی هەرە زۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان تێکشکێنراون؛ جەختیشی کردەوە، "هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی نەماوە و لەناوچووە" و سەرجەم ئەو شوێنانەی کە چەکیان تێدا دروست دەکرا، کراونەتە ئامانج و خاپوور کراون.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بۆردوومانە بەهێزەکانەوە، چیاکان بەسەر بنکە ئەتۆمییەکاندا داڕماون. گوتیشی: "ئێستا ئێمە دەتوانین دەستمان بە یۆرانیۆمی پیتێندراو بگات، چونکە تەنیا ئەمریکا و رەنگە چینیش ئەو ئامێر و توانایەیان هەبێت کە بتوانن لە ژێر ئەو چیا داڕماوانەدا دەریبهێنن." ترەمپ دووپاتی کردەوە، هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

ترەمپ ڕایگەیاند، ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵ گەرووی هورمزی وەک "چەکێکی سەربازی" بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا ئەو سەردەمە کۆتایی هاتووە و "ئەوێ رێڕەوێکی ئاوی نێودەوڵەتییە و هی ئەوان نییە بەو شێوەیە مامەڵەی پێوە بکەن، ئێمە دەیکەینەوە."

سەبارەت بەوەی کەی لەگەڵ ئێران کۆدەبنەوە، ترەمپ گوتی: "ئەوان ئێستا بە پرۆشن بۆ رێککەوتن. رەنگە لە ماوەی 2 بۆ 3 رۆژی داهاتوودا، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت، بەڵام کاتەکە زۆر کورتە." هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر تاران مەرجەکان قبووڵ نەکات، "ناچار دەبین زەبرێکی تری زۆر گەورەیان لێ بدەین"، هەرچەندە هیوای خواست کە کارەکە نەگاتە ئەو ئاستە.

سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند: "سەرۆک شی بەڵێنی پێدام کە هیچ جۆرە چەکێک بۆ ئێران نەنێرێت. ئەوە بەڵێنێکی زۆر جوان و گرنگە." جەختی کردەوە کە متمانەی بە قسەکانی سەرۆکی چین هەیە و گوتی: "من متمانە بە قسەکانی دەکەم و سوپاسی ئەو هەڵوێستەی دەکەم."

ترەمپ گوتیشی: هەرچەندە هەندێک دەڵێن ئەم جەنگە لای خەڵک ناپەسندە، بەڵام ئەو پێیوایە خەڵک پشتگیری دەکەن، چونکە تێدەگەن کە ئەم چەکانەی ئێران هەڕەشە بوون بۆ سەر شارە گەورەکانی وەک لۆس ئەنجلس، و ئەرکی ئەو پاراستنی ئاسایشی ئەمریکایە.