جەی دی ڤانس بۆ کوردستان24: نامانەوێت هێرش بکرێتە سەر خەڵکی مەدەنی

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ گەلی کوردستان دووپات کردەوە و رایگەیاند، واشنتن دژی هەر هێرشێکی درۆنی یان مووشەکییە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.

سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە پرسیاری رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن،سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، گوتی: "ئێمە خۆشەویستییەکی زۆرمان بۆ گەلی کوردستان هەیە. نامانەوێت ببینین هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی مەدەنی، چ بە درۆن بێت یان بە موشەک."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، واشنتن ئێستا لە نێوان دوو بژاردەدایە: یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە تێیدا کارەکان تەواو بکەن و سەربازەکانیان بگەڕێننەوە ماڵەوە، یان دەستپێکردنەوەی جەنگ، کە وەک ئەو گوتی "ئەمەی دووەمیان خواستی سەرۆک ترەمپ نییە، بەڵام ئەگەر ناچار بن ئەنجامی دەدەن."

ڤانس ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگربەستەکان لە ناوچە جیاوازەکان (وەک غەززە و ئێران) هەمیشە بێ کەموکوڕی نین و هەندێک جار پێشێلکارییان تێدا دەکرێت. بەڵام جەختی کردەوە کە "بە شێوەیەکی بەرچاو پێشێلکارییەکانی ئاگربەستەکە بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو کەمی کردووە."

ئەم لێدوانانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی گرووپە چەکدارەکان، واشنتنیش چاوەڕوانی لە حکوومەتی نوێی عێراق هەیە کە هەنگاوی جدی بنێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپانە.