جەی دی ڤانس: ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، وڵاتانی دیکەش داوا دەکەن

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر هەڵوێستی توندی واشنتن بەرانبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردەوە و رایگەیاند پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا و جیهان لە پێشینەی کارەکانیاندایە.

سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، رێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تەنیا پەیوەندی بەو وڵاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی ئەو چەکە، وڵاتانی تری کەنداو و جیهانیش هەوڵی بۆ دەدەن، ئەمەش جیهان تووشی پێشبڕکێیەکی ئەتۆمیی مەترسیدار دەکات و ئاسایشی هەمووان دەخاتە مەترسییەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "دوو بژاردە لەبەردەماندایە؛ یان رێککەوتنێکی واقیعی یان رووبەڕووبوونەوە." ڤانس جەختی کردەوە ئەمریکا ئامادەی دانوستانە، بەڵام "بۆ هەموو ئەگەرەکانی تریش ئامادەین" ئەگەر تاران نەیێتە سەر مێزی گفتوگۆ بە شێوەیەکی جددی.

ڤانس باسی لەوە کرد ئێران وڵاتێکی ئاڵۆزە و زۆرجار روون نییە کە تیمی دانوستانکاری ئەوان دەیانەوێت چی بەدەست بهێنن. گوتیشی: "هەندێک جار وەک ئەوە وایە کە پەیوەندییەکی خراپ هەبێت یان لایەنی بەرانبەر بە باشی مەبەستەکانی خۆی روون نەکاتەوە، بەڵام ئێمە زۆر روونین لە داواکارییەکانماندا."

جەختی کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو وڵاتانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە لە کەمترین ئاستدا بمێنێتەوە.