فەرماندەی سێنتکۆم: 90%ـی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێرانمان تێکشکاندووە
فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی"یەوە توانراوە لەسەدا 90ـی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران تێکبشکێنرێت و ستراتیژییەکی 47 ساڵەی تاران لە ناوچەکەدا پەکبخرێت.
سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە کۆنگرێس سەرکەوتنی گەورەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند و جەختی کردەوە ستراتیژی چەندین ساڵەی ئێران تووشی هەرەسهێنان بووە.
کووپەر ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانی" (Operation Epic Fury) زەبرێکی کوشندەی لە توانای مووشەکی بالیستی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران وەشاندووە. گوتیشی: "ئێمە توانیومانە 90%ی ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران لەناو ببەین، ئەمەش گەرەنتی ئەوە دەدات کە تاران تا چەندین ساڵی تریش نەتوانێت توانا سەربازییەکانی خۆی بنیات بنێتەوە."
فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردەوە، کارە سەربازییەکانی ئەمریکا توانیویانە "ستراتیژییەکی ئێران پەکبخەن کە 47 ساڵ بوو کاری بۆ دەکرا" و رێگری لە گەشەسەندنی هەڕەشە خێراکانی تاران بگرن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، کووپەر ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی حەوت مانگی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە جێبەجێکردنی "پلانی ئاشتی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ کەرتی غەززە، تواناکانی داعشیان لە سووریا بە رێژەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەشی دا، بۆ رێگریکردن لە "قەیرانی داعش"، ئۆپەراسیۆنێکی مێژووییان ئەنجامداوە بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 5,700 زیندانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق؛ باسیشی لەوە کرد، بەهێزترین و یەکگرتووترین سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ناوچەییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کردووە کە دەیان ساڵ بوو کاری بۆ دەکرا.
کووپەر دووپاتی کردەوە کە سوپای ئەمریکا بە تەواوی پابەندی "یاساکانی جەنگ و پێکدادانی چەکدارییە" و گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان خەڵکی مەدەنی ناکاتە ئامانج. ئێمە هەموو راپۆرتەکانی پەیوەست بە قوربانیانی مەدەنی بە جددی وەردەگرین و ئەمە بووەتە بەشێک لە کولتووری سەربازیی ئێمە."