کاردانەوەی جیهانی بۆ هێرشی درۆنی لە عێراقەوە بۆ سەر وێستگەی بەراکە

وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە"
وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە"

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوایی هێرشی درۆنی بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" لە ئیمارات سەرکۆنە کرد، کە بەگوێرەی زانیارییەکان هێرشەکە لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدراوە.

رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە بەئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکان"ی کرد. گرۆسی جەختی لە رەتکردنەوەی هێرش بۆ سەر وێستگە کاراکان کردەوە، هاوشێوەی وێستگەی بەراکە، و هۆشداریشی دا لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم جۆرە هێرشانە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئاژانسەکە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر بارودۆخێکی لەناکاو لە وڵاتانی کەنداو.

هەڵوێستی وڵاتان لە ئەنجوومەنی ئاسایش:

بەحرەین: جەمال رووەیعی، نوێنەری بەحرەین، هێرشەکەی بە پەرەسەندنێکی بێ پاساو"ناوبرد و رایگەیاند؛ ئاسایشی ئیمارات بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی کەنداو. تارانی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەرکێشانە تۆمەتبار کرد کە هەڕەشە لە زنجیرەی دابینکردنی جیهانی دەکات.

حکوومەتی یۆنان: نوێنەری یۆنان رایگەیاند؛ ناوچەکە بەرگەی شەپۆلێکی فراوانتری توندوتیژی ناگرێت و پێشێلکردنی سەلامەتی ئەتۆمی بە تەواوی رەتکراوەیە، داوای دیالۆگ و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی کرد.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، وێستگەی بەراکە دامەزراوەیەکی ئاشتییانەیە و هێرشەکە زیانی پێ نەگەیاندووە. داوای لە ئێران کرد هێرشی بریکارەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ رابگرێت و جەختی کردەوە، واشنتن لە ئاست پێشێلکارییەکانی سەلامەتی ئەتۆمی بێدەنگ نابێت.

رووسیا: ڤاسیلی نێبێنزیا، نوێنەری رووسیا، بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند؛ بەئامانجگرتنی دامەزراوەکان لە کەنداوی عەرەبی کارێکی قبوڵنەکراوە.

فەرەنسا: جێرۆم بۆنافۆن، نوێنەری فەرەنسا، هێرشەکەی بە مەترسی بۆ سەر سەلامەتی ئەتۆمی ناوبرد و داوای ئاشتییەکی بەردەوام و پاراستنی گەرووی هورموزی کرد، ئاماژەی بەوەش دا، چارەسەری سیاسی تەنیا رێگەیە بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.

ئیمارات ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئاگادارکردووەتەوە کە تەزووی کارەبا بۆ یەکەی سێیەمی وێستگەکە گەڕاوەتەوە. هێرشەکە رۆژی یەکشەممە بە سێ درۆن ئەنجامدرا، ببووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆلیدەیەکی کارەبا لە دەرەوەی چێوەی ناوخۆیی وێستگەکە، بەڵام دەسەڵاتداران جەختیان کردەوە ئاستی سەلامەتی کاریگەر نەبووە و هیچ ماددەیەکی تیشکدەر دەرەقەی نەکردووە.

دوێنێ ئێوارە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند؛ لە 48 کاتژمێری رابردوودا 6 درۆنی دوژمنیان تێکشکاندووە و پشتڕاستی کردەوە، ئەو درۆنانەی وێستگەی بەراکەیان کردبووە ئامانج، لە عێراقەوە هاتبوون.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانی خۆی لەبارەی هەواڵەکانی پەیوەست بە بەئامانجگرتنی دامەزراوەکان دەربڕی و جەختی لە رەتکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک کردەوە کە ئاسایشی وڵاتانی برا بکاتە ئامانج. ئەمەش لەکاتێکدایە گروپە چەکدارەکانی عێراق لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردووەوە رایانگەیاندووە کە لەپاڵ ئێران چوونەتە ناو جەنگەکەوە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، رایگەیاندبوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە رێگری لە سێ درۆن بکەن و تێکیانبشکێنن، دوای ئەوەی لە خاکی عێراقەوە هەڵدرابوونە نێو وڵاتەکەی.