فەرماندەیەکی باڵای ناتۆ: بۆ پاراستنی گەرووی هورمز چاوەڕێی بڕیاری سیاسیین
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارێکی نوێی دژ بە هاوپەیمانیی ناتۆ داوە و بڕیارە ئەم هەفتەیە بە فەرمی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئاگادار بکاتەوە کە واشنتن ئەو هێز و توانایە سەربازییانە کەم دەکاتەوە کە پێشتر بۆ کاتی ناکۆکییەکان لە ئەوروپا تەرخانی کردبوون.
سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کردووە کە پێنتاگۆن بڕیاریداوە بەشداریکردنی سەربازیی خۆی لە چوارچێوەی "مۆدێلی هێزی ناتۆ" بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. ئەم مۆدێلە سیستەمێکە کە تێیدا وڵاتانی ئەندام هێزە ئامادەباشەکانیان دیاری دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی هەر هێرشێکی سەربازی یان تەنگژەیەکی گەورەدا دەستبەجێ بجوڵێنرێن.
بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای سیاسەتی بەرگری لە برۆکسل، ئەمریکا بە فەرمی ئەم بڕیارە رابگەیەنێت. ئەم هەنگاوە وەک جێبەجێکردنی کردەیی سیاسەتەکەی ترەمپ دەبینرێت کە داوا دەکات ئەوروپا خۆی بەرپرسیارێتی یەکەمی پاراستنی کیشوەرەکەی بگرێتە ئەستۆ.
ئێلبرێدج کۆڵبی، بەرپرسی باڵای سیاسەتی پێنتاگۆن، ڕایگەیاندووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی "چەکە ئەتۆمییەکانی" بۆ پاراستنی وڵاتانی ناتۆ، بەڵام دەبێت ئەوروپییەکان خۆیان پێشەنگ بن لە دابینکردنی هێزە تەقلیدییەکان (سەرباز، تانک و فڕۆکەی جەنگی).
ئەم بڕیارەی واشنتن لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانییەکە لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردایە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئیدارەی ترەمپ بڕیاری کەمکردنەوەی 5 هەزار سەربازی لە ئەوروپا دا و ناردنی لیوایەکی سەربازی بۆ پۆڵەندا هەڵوەشاندەوە. ئەم هەنگاوانە ترسی ئەوەیان لای ئەوروپییەکان دروست کردووە کە رەنگە ئەمریکا بە تەواوی لە هاوپەیمانییەکە بکشێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، جەنەڕاڵ ئەلێکسس گرینکێڤیچ، فەرماندەی باڵای هێزەکانی ناتۆ لە ئەوروپا، ڕایگەیاند، ئەوان خەریکی "بیرکردنەوەن" لەوەی چۆن ناتۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پاراستنی گەرووی هورمز، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ پلانێکی فەرمی نییە تا ئەو کاتەی "بڕیاری سیاسی" دەدرێت.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ بە توندی رەخنەی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی گرتبوو کە هاوکاری ناکەن لە جەنگی ئێران و پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان. ئێستا وڵاتانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەلجیکا بە جیا کەشتی جەنگییان ناردووەتە ناوچەکە، بەڵام ناتۆ وەک هاوپەیمانییەک تا ئێستا نەیویستووە راستەوخۆ تێوەبگلێت.
چاوەڕوان دەکرێت لە لوتکەی داهاتووی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە لە مانگی تەممووز لە وڵاتی تورکیا بەڕێوە بچێت، پرسی کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و داهاتووی هاوپەیمانییەکە گەرمترین بابەتی گفتوگۆکان بێت.