وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی بە فەرمی ناساند

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی لەسەر سەکۆی (KRDPass) پەسەند کرد و رایگەیاند، لەمەودوا مۆڵەتی دیجیتاڵی هاوشێوەی مۆڵەتی کارت، هێزی یاسایی دەبێت و لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆوە کاری پێ دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، بە نووسراوێکی فەرمی کە بە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەرچووە، بەیانی ژمارە (11)ی ساڵی 2026 تایبەت بە "پەسەندکردنی مۆڵەتی شوفێری دیجیتاڵی" راگەیەندرا. ئەم بڕیارە لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دراوە.

هەردوو شێوازی مۆڵەت پەسەندکراون
بەپێی بەیانەکەی وەزارەتی ناوخۆ، لەکاتی داواکردنی مۆڵەت لەلایەن ئەفسەر یان کارمەندی هاتوچۆ، شوفێر دەتوانێت بە یەکێک لەم دوو شێوازە مۆڵەتەکەی بخاتە ڕوو:
1- مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی (کارت).
2- مۆڵەتی شوفێری بە شێوازی (دیجیتاڵی) کە لەسەر سەکۆی (KRDPass) لەناو ئامێرە زیرەکەکاندا بەردەستە.

لە ماددەی سێیەمی بەیانەکەدا جەختکراوەتەوە کە مۆڵەتی دیجیتاڵی هەمان هێزی یاسایی و خەسڵەتی مۆڵەتی کارتی هەیە. فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری (BIT) بەرپرس دەبێت لە دیاریکردنی خەسڵەتە تەکنیکییەکان و دابینکردنی بەرزترین ئاستی پاراستنی زانیارییەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکارییەک لە ڕێگەی سیستەمی "پشتڕاستکردنەوەی ئەلیکترۆنی" (Electronic Verification).

ئەم بڕیارە لە پێنج ماددە پێکهاتووە و لە ڕۆژی دەرچوونییەوە 19ی ئایاری 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.

بەم هەنگاوە، هەرێمی کوردستان قۆناغێکی دیکە لە بواری حکوومەتی ئەلیکترۆنی دەبڕێت و هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی تەنها یەک ئەپڵیکەیشنەوە (KRDPass) ناسنامە و مۆڵەتە فەرمییەکانیان بە دیجیتاڵی هەڵبگرن و لە بازگە و خاڵەکانی پشکنینی هاتوچۆدا بەکاری بهێنن.