وەزیرانی دارایی ئەوروپا داوای راگرتنی جەنگ لە ئەمریکا دەکەن
رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، وەزیرانی دارایی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت (G7) داوایان لە سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کردووە کە ئیدارەی وڵاتەکەی رازی بکات بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە ئەم داواکارییە وەزیرانی دارایی ئەوروپا بۆ راگرتنی جەنگ دژی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە وڵاتەکەی لە زووترین کاتدا و لە رۆژی هەینی یان رۆژانی دواتر، هێرشێکی نوێ بکاتە سەر ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە میانی گفتوگۆ تایبەتەکاندا، وەزیرانی دارایی وڵاتانی ئەوروپا داوایان لە هاوتا ئەمریکییەکەیان کردووە واشنتن جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابگرێت، بۆ ئەوەی کیشوەری ئەوروپا دوچاری کێشەی ئابوری زیاتر نەبێت کە بەهۆی ململانێکانەوە دروست دەبن.
لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی وەزیرانی دارایی کۆمەڵەی حەوت لە پاریس، نوێنەرانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە بیسێنتیان راگەیاندووە، جەنگ لەگەڵ ئێران کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گاز و کاڵاکان لە ناو یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر گەشەی ئابوری و مەترسی دروستبوونی قەیرانێکی گشتی خۆراکیشی لێکەوتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاندووە ئەمە کارێکی باوە حکوومەتەکان بۆ شاردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانیان و دابەزینی ئاستی جەماوەرییان، هۆکارە دەرەکییەکان تۆمەتبار دەکەن لەبری ئەوەی بەدوای چارەسەری ناوخۆییدا بگەڕێن.