پارێزبەندی هەمیشەیی بە ترەمپ و خێزانەکەی دەدرێت

وەزارەتی دادی ئەمریکا پارێزبەندییەکی هەمیشەیی بەخشییە دۆناڵد ترەمپ و ئەندامانی خێزانەکەی، بۆ ئەوەی چیتر لەلایەن فەرمانگەی داهاتە ناوخۆییەکانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە و پشکنینی راپۆرتە باجە کۆنەکانیان نەبنەوە.

چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، تود بڵانش کە بە وەکالەت ئەرکی داواکاری گشتی ئەمریکای لەسەر شانە، رۆژی سێشەممە ئەو بەڵگەنامەیەی واژۆ کرد کە بە فەرمی بڵاوکرایەوە.

 لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، حکوومەتی ئەمریکا مافی ئەوەی نابێت پشکنین بۆ راپۆرتە داراییەکانی ترەمپ بکات کە پێش رۆژی دووشەممەی رابردوو پێشکەش کراون، هەروەها ناتوانێت دەست بۆ هیچ کێشەیەک ببات کە پێشتر باسکراون یان دەکرا باس بکرێن.

ئەم هەنگاوەی وەزارەتی داد دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە گەیشتە رێککەوتن لەگەڵ فەرمانگەی داهاتە ناوخۆییەکان، لەبەرانبەر ئەم پارێزبەندییەدا، ترەمپ رازی بوو سکاڵا یاساییەکەی دژی ئەو فەرمانگەیە بکێشێتەوە، کە تیایدا داوای 10 ملیار دۆلار قەرەبووی دەکرد لەبەرانبەر دزەپێکردنی زانیارییە باجەکانی کە لە ساڵی 2019 خراوەتەڕوو. 

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی پێشکەش بە دادگایەکی میامی کراون، ئەلیخاندرۆ بریتۆ، پارێزەری ترەمپ، داوای داخستنی دۆسیەکەی کردووە بەبێ ئەوەی وردەکاری زۆر لەسەر هۆکاری بڕیارەکە بخاتە روو، تەنها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم رێکارە پێویستی بە رەزامەندی دادگا یان لایەنەکانی دیکە نییە.

ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە باس لە ئەگەری دروستکردنی سندوقێکی فیدراڵی دەکرێت بە بەهای 1.7 ملیار دۆلار، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی کە دەڵێن لە سەردەمی جۆ بایدندا بوونەتە قوربانی بە سیاسی کردنی حکوومەت.

لای خۆیەوە رۆژنامەی بلومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە، ترەمپ خۆی راستەوخۆ پارە لەو سندوقە وەرناگرێت، بەڵام رەنگە قەرەبووەکە بۆ ئەو لایەنانە بێت کە بەهۆی بەکارهێنانی دامەزراوە حکوومییەکان بۆ ئامانجی سیاسی، زیانیان بەرکەوتووە.

ئەم پێشنیازە نارەزایەتی نەیارانی ترەمپی لێکەوتووەتەوە و بە سندوقێکی سیاسی ناوی دەبەن، کە رەنگە بۆ پاداشتکردنی هاوپەیمانەکانی و ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە بەهۆی هێرشەکەی سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 رووبەڕووی لێپێچینەوە بوونەتەوە.

کێشەی دزەپێکردنی زانیارییە باجەکانی ترەمپ یەکێک بوو لە گەورەترین گورزەکان بۆ فەرمانگەی باجی ئەمریکا، دوای ئەوەی چارڵز لیتڵجۆن، کە پێشتر گرێبەستی لەگەڵ ئەو فەرمانگەیە هەبوو، دانی بەوەدا نا کە زانیاری هەزاران دەوڵەمەندی ئەمریکی دزیوە، لەوانەش ترەمپ، ئیلۆن مەسک و جێف بیزۆس، لیتڵجۆن دواتر سزای 5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.