تەندروستی جیهانیی: ئیبۆلا لە کۆنگۆ 131 قوربانی لێکەوتووەتەوە
رێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی قووڵی خۆی لە خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ دەربڕی، کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 131 کەس و وەک باری نائاسایی نێودەوڵەتی ناسێندراوە.
رۆژی سێشەممە 19ی ئایاری 2026، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رایگەیاند، بڕیاری راگەیاندنی باری نائاسایی "بە ئاسانی" نەدراوە، بەڵکو بەهۆی ترسەوە بووە لە خێرایی و قەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە و بڕیارە رێکخراوەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکە ئەنجام بدات.
ساموێل رۆجەر کامبا، وەزیری تەندروستیی کۆنگۆ ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 131 حاڵەتی گیانلەدەستدان و 513 حاڵەتی گومانالێکراو تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی باوەڕی هەندێک لە دانیشتووان بەوەی نەخۆشییەکە "نەخۆشییەکی شاراوە و نادیارە"، زۆرێک لە نەخۆشەکان سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی درەنگ بڵاوبوونەوەی هۆشدارییەکان.
ئەم جۆرەی ئێستای ئیبۆلا کە بە "بۆندیبوگیۆ" دەناسرێت، تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی پزیشکی نییە. ناوەندی کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەفریقا (Africa CDC) باری نائاسایی لە ئاستی کیشوەرەکەدا راگەیاندووە بۆ ئەوەی بتوانێت تیمە فریاگوزارییەکان و سەرچاوە داراییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە کۆبکاتەوە.
چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە پارێزگای "ئیتووری"یە لە باکووری رۆژهەڵاتی کۆنگۆ کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆگاندا و باشووری سوودان. ئەم ناوچەیە بەهۆی بوونی کانزای زێڕ و ململانێی چەکدارییەوە، هاتوچۆی زۆری خەڵکی تێدایە، ئەمەش وایکردووە ڤایرۆسەکە بگاتە ئۆگاندا و لەوێش 2 حاڵەت تۆمارکراون کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە هاووڵاتییەکیان لە کاتی کارکردنی لە کۆنگۆ تووشی ڤایرۆسەکە بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەگوێزرێتەوە بۆ ئەڵمانیا. واشنتن وەک رێکارێکی خۆپارێزی، پشکنین بۆ گەشتیارانی ئەو ناوچانە دەکات و بە شێوەیەکی کاتی پێدانی ڤیزای لەو ناوچانە راگرتووە.
ڤایرۆسی ئیبۆلا کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 دۆزرایەوە، لە رێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ بە شلەمەنییەکانی جەستە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی خوێنەربوونی توند و لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە. ئەمە 17ـەمین جارە ئەم پەتایە لە کۆنگۆ بڵاودەبێتەوە، کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 2300 کەس.