کەشتییەکی کۆریای باشوور لە گەرووی هورمز پەڕییەوە
بۆ یەکەمجار لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران، کەشتییەکی نەوتهەڵگری کۆریای باشوور بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕی. چۆ هیۆن، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور رایگەیاند، تێپەڕبوونی ئەم کەشتییە لەم کاتەدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی هێڵە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی لە ناوچە ئاڵۆزەکاندا.
رۆژی چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، چۆ هیۆن، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی (ئەنجوومەنی نیشتمانی) رایگەیاند: "رێک لەم ساتەدا، کەشتییە نەوتهەڵگرەکەمان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت." بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەش بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە یەکەم کەشتییە بە ئاڵای کۆریای باشوورەوە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لەو رێڕەوە ئاوییە تێپەڕبێت.
بەپێی ماڵپەڕی (MarineTraffic) کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان، کەشتیی "Universal Winner" کە ئاڵای کۆریای باشووری لەسەرە، لە بەشی رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و لە نزیک دەروازەی دەریای عومان بینراوە. کەشتییەکە لە بەندەری "مینا ئەحمەدی" لە کوێتەوە بەڕێکەوتووە و بەرەو شاری "ئۆڵسان" لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆریای باشوور دەچێت.
هێرشەکانی پێشوو و نیگەرانییەکانی سۆڵ
ئەم تێپەڕبوونە دوای چەند هەفتەیەک دێت لە دروستبوونی نیگەرانیی زۆر لە سیئۆڵ سەبارەت بە سەلامەتیی کەشتیگەلەکەی. لە 4ـی ئایاری ئەمساڵدا، کەشتیی "HMM Namu" کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆرییەوە بەڕێوەدەبرا، لە نزیک گەرووی هورمز لەلایەن "دوو فڕۆکەی نەناسراوەوە" کرایە ئامانج. هێرشەکە بووە هۆی کونکردنی بەشێکی کەشتییەکە و کەوتنەوەی ئاگر لە ژووری بزوێنەرەکەیدا، دواتر کەشتییەکە بۆ لێکۆڵینەوە گەیەنرایە دوبەی.
تاران هەر جۆرە تێوەگلانێکی لەو هێرشەدا رەتکردووەتەوە و باڵیۆزخانەی ئێران لە سۆڵ رایگەیاند کە ئەو تۆمەتانە بێبنەمان. لە بەرامبەردا، کۆریای باشوور بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای لێکۆڵینەوەی وردی کرد بۆ ناسینەوەی ئەنجامدەرانی.
گرنگیی ئابووریی گەرووی هورمز
کۆریای باشوور کە چوارەم گەورەترین ئابووری کیشوەری ئاسیایە، بە رێژەیەکی زۆر پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت. زۆربەی ئەو سووتەمەنییەش لە کاتی ئاساییدا لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە هەر جۆرە پەککەوتنێک لەو گەرووەدا مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتە دروست دەکات.