وەزیری نەوتی عێراق: رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان 'دەستکەوتێکی گەورەیە'
سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە پەلە دا بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی داهات و دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کادیرانی وەزارەتی نەوت، جەختی لەسەر پێویستی خێراکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە کردەوە، هاوکات باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، رێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانی لەبارەی دۆسیەی نەوت بە "دەستکەوتێکی گەورە" وەسف کرد کە دەبێتە هۆی پاراستن و گەشەپێدانی سەروەت و سامانی نیشتمانی.
ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران بۆ کاراکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی هەرێم و بۆرییە بەدیلەکان، وەک پلانێکی بەپەلە دێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی داخستنی گەرووی هورمز و پەککەوتنی هەناردەی باشوور، حکومەت دەیەوێت لە رێگەی هەمەجۆرکردنی دەروازەکان و پەنابردن بۆ هەناردەی وشکانی لە رێگەی وڵاتانی دراوسێوە، رێگری لە هەر قەیرانێکی دارایی بکات.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری نەوت ئاشکرای کرد کە عێراق تا کۆتایی ساڵی 2029 بەتەواوی کۆتایی بە سووتاندنی گازی هاوەڵ دەهێنێت، بۆ زامنکردنی بەردەوامی ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە و پەرەپێدانی کەرتی وزە وەک پڕۆژەی شەمس ئەلبەسرە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ، وەزیری نەوت داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد بودجەیەکی پێنج ساڵەی جێگیر بۆ وەزارەتەکەی پەسەند بکات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەش کرا کە وەزارەتی دەرەوە لە هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی تایبەتن بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی وشکانییەوە، تاوەکو عێراق لە حاڵەتی نائارامی ناوچەکەدا بەدیلی ئامادەکراوی لەبەردەستدا بێت.
پێشتر و لە 18ـی ئاداری رابردوودا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی رووی لە وڵات کردووە، هەماهەنگی تەواو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کراوە بۆ کاراکردنەوەی هەناردەی نەوت.
لەو چوارچێوەیەدا، وێستگەی نەوتی "سارالو" خرایە گەڕ بۆ گواستنەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ وێستگەی فیشابوور، تاوەکو لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکی بکرێت.