ترەمپ: رەنگە ناچاربین توندتر هێرش بکەینە سەر ئێران

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا، رەنگە وڵاتەکەی ناچار بێت لێدانێکی توندتر و گەورەتر لە ئێران بوەشێنێت، راشیگەیاند واشنتن بە کردەیی کۆنترۆڵی دۆخی ئێران و ڤەنزوێلای کردووە و لەم دوو شەڕەشدا تەنیا 13 سەربازیان لەدەستداوە.

چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی کۆنێتیکت بە مەبەستی پێشکەشکردنی گوتار لە ئەکادیمیای پاسەوانی سنوور، کۆمەڵێک لێدوانی دەربارەی جەنگی ئێران، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و دۆخی ئابووری وڵاتەکەی بۆ رۆژنامەنووسان دا.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، "ئێمە لە قۆناغی کۆتایی مامەڵەکردنداین لەگەڵ ئێران، دەبینین چی ڕوودەدات." سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە تەنیا دوو بژاردە لە ئارادان، یان دەگەینە ڕێککەوتن، یان هەندێک کاری دیکە دەکەین کە کەمێک ناخۆش و توندن، بەڵام هیوادارم کارەکە نەگاتە ئەو ئاستە."

ترەمپ گوتیشی: "هیچ پەلەیەکی نییە" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ململانێکان. ئەو ڕوونی کردەوە کە بۆ ئیدارەکەی، بەدیهێنانی تەواوەتی ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا زۆر گرنگترە لەوەی وادەیەکی دیارکراو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دابنرێت.

ترەمپ ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە حەز دەکات خەڵکی کەمتر بکوژرێن، بەڵام هۆشداری دا و گوتی: "رەنگە ناچار بین لێدانێکی گەورەی توندتر لە ئێران بدەین، هێشتا دڵنیا نیم بەڵام بەم زووانە دەزانن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران "وێران بووە" و خەڵکەکەی بەهۆی خراپیی بژێوییەوە زۆر تووڕەن و دۆخەکە بەرەو گرژیی زیاتر دەچێت.

سەرۆکی ئەمریکا ستایشی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "ئەو پیاوێکی زۆر باشە و سەرۆکوەزیرانی کاتی جەنگە." ترەمپ بە شانازییەوە باسی لە ئاستی جەماوەریی خۆی لە ناو ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: "بەپێی راپرسییەکان 99%ـی خەڵکی ئیسرائیل پشتگیریم دەکەن، دەتوانم لەوێ خۆم بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید بکەم و دەردەچم."

ترەمپ باسی لەوە کرد، ئەمریکا لە دوو جەنگی گەورەدا (ئێران و ڤەنزوێلا) تەنیا 13 کەسی لەدەستداوە، لە کاتێکدا بە گوتەی ئەو هەر سەرۆکێکی تر بووایە "100 هەزار کەسی بە کوشت دەدا." گوتیشی کە ئەوان بە کردەیی کۆنترۆڵی ڤەنزوێلا و ئێرانیان کردووە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرۆکی چین و پووتین، ترەمپ گوتی: "ئەوە شتێکی باشە، من لەگەڵ هەردووکیان پەیوەندیم باشە." لە کۆتاییدا هێرشی کردە سەر سیستەمی دەنگدان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا و رایگەیاند کە هەڵبژاردنەکان لەوێ "ساختەکارییان" تێدا دەکرێت، ئەگەر نا ئەو لەو ویلایەتەش دەیبردەوە.