پزیشکیان دان بە قەیرانی بەنزیندا دەنێت

سەرۆککۆماری ئێران دانی بە قەیرانی بەنزین و وزەدا نا و داوای پەیڕەوکردنی سیستەمی "بەشێنە" دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی ئابڵۆقەی دەریایی ئەمریکا و زیانەکانی جەنگ پرۆسەی هاوردەکردنی سووتەمەنییان بۆ ناو وڵاتەکە پەکخست.

چوارشەممە 20ـی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "پێویستە خەڵک بزانن کە وڵات لە بواری دابینکردنی بەنزین و وزە رووبەڕووی سنووردارکردن بووەتەوە. تێپەڕبوون لەم دۆخەش پێویستی بە هاوکاری گشتی و گۆڕینی شێوازی بەکاربردن هەیە."

سەرۆککۆماری ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو قەیرانە، داوای کرد سیستەمێکی "بەشێنە" لەسەر ئاستی پارێزگاکان و بەپێی پێویستی راستەقینەی ناوچەکان دابڕێژرێت.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە وەزیری نەوتیش ئامادەی بوو، راپۆرتێک دەربارەی دۆخی وێستگە زیانلێکەوتووەکانی جەنگ پێشکەش کرا، بەڵام وردەکاریی زیانەکان بە نهێنی هێڵدراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی جەنگە 40 رۆژەکەدا چەندین کۆگای سووتەمەنی و ژێرخانی وزە کراونەتە ئامانج، کەمیی بودجەش پڕۆسەی بنیاتنانەوەی خاو کردووەتەوە. هاوکات، ئابڵۆقەی دەریایی ئەمریکا پڕۆسەی هاوردەکردنی بەنزینی بۆ ناو ئێران پەکخستووە.

ئیسماعیل سەقابی ئەسفەهانی، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی ستراتیژیی وزە، ئاشکرای کرد کە کورتهێنانەکە پێش جەنگیش هەبووە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە لوتکە.

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبردنی ستراتیژیی وزە، ئامارەکان بەم شێوەیە خستەڕوو،

بەکاربردنی رۆژانە: 130 بۆ 135 ملیۆن لیتر.

بەرهەمهێنانی ناوخۆ: 110 بۆ 115 ملیۆن لیتر.

پێویستی بە هاوردە: 20 بۆ 25 ملیۆن لیتر (کە ئێستا بەهۆی ئابڵۆقەوە راگیراوە).

ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە وەزیری دارایی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو کە بەردەوامی ئابڵۆقەی دەریایی بەندەرەکانی ئێران، دەبێتە هۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوتی خاو و تێکچوونی هێڵەکانی گواستنەوە، ئەمەش لە کۆتاییدا قەیرانی سووتەمەنی و بەنزین لە ناوخۆی ئێراندا دەگەیەنێتە ئاستێکی مەترسیدار.