ئەمریکا بە گەمارۆی دەریایی ئێران دەخنکێنێت

لە نێوان لێدوانە ئێرانییەکان کە باس لە ئەگەری جەنگ دەکەن و جموجۆڵە ئەمریکییەکان کە فشاری ئابووری و سەربازی دروست دەکەن، رووبەرێکی فراوان لە ناڕوونی دەربارەی داهاتووی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە و ئەنجامە سیاسییەکانی دروست بووە.

پێنجشەممە 21ـی ئایاری 2026، سکۆت ئولینگەر، ئەفسەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریکا (CIA) لە چاوپێکەوتنێکدا لە بارەی کاریگەری گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، سنووری ئارامی واشنتن دەڵێت:" یەکێک لە دیارترین ئاڵەنگارییەکان لە تێگەیشتن لەوەی لەناو ئێراندا دەگوزەرێت، بریتییە لە زەحمەتی جیاکردنەوەی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران و ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لەناوەی ئێران. هەروەها بە بڕوای ئەو، لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمان محەمەد باقر قالیباف، یان فەرماندەکانی سوپای پاسداران، یان کەسایەتییە مەدەنییەکان، دۆخێکی پڕ لە دژبەری و سەرلێشێواوی دروست دەکەن، بەتایبەت کە هاوکاتی دانوستانەکان، لێدوانی توند دەربارەی هەڵگیرسانی جەنگ دەدرێت.

ئولینگەر دەڵێت:" ئەم زمانە توندە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەنگدانەوەی کاریگەری ئەو گەمارۆ دەریاییەیە کە ئەمریکا بەسەر کەناراوەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی. ئاماژەی بەوەش کرد، شوێنەواری ئەم گەمارۆیە بە روونی لە وتاری فەرمی ئێراندا دەردەکەوێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە فشارەکانی ئەمریکا ئامانجەکانی خۆی لە لاوازکردنی توانای ئابووری ئێران دەپێکێت.

سەبارەت بە کاریگەری رێکارەکانی ئەمریکا، ئولینگەر جەختی کردەوە، گەمارۆ دەریاییەکە بووەتە کارێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە، هەرچەندە ئەنجامەکانی بەو خێراییە دەرناکەون کە واشنتن دەیەوێت. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئابووری ئێران زیانی گەورەی پێدەگات و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە کاریگەرییەکان لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر دەکات.

دەربارەی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن، ئولینگەر رەشبینی خۆی نیشان دا و رایگەیاند، داواکارییەکانی ئێران زۆر قورسن، روونی کردەوە کە ئێران هەوڵدەدات دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنێت، وەک لادانی سزاکان و بەستنەوەی هەر رێککەوتنێک بە دۆسیە ناوچەییەکان وەک لوبنان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کە پێناچێت دۆناڵد ترەمپ بە ئاسانی بەمانە رازی بێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، مێژووی سیاسی ئێران گومان و مەترسی زۆر دروست دەکات دەربارەی نییەتە راستەقینەکانی لە ناوچەکەدا.

سەبارەت بە نێوەندگیری پاکستان، ئولینگەر پێیوایە کە رەنگە ئێران هەوڵ بدات لەرێگەی درێژکردنەوەی کاتی دانوستانەکانەوە کات بکوژێت.

 لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، ئەمریکا خاوەنی دیدگا و بەرژەوەندی نیشتمانی سەربەخۆی خۆیەتی، و هەر بڕیارێک کە سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی ناوچەکە بیگرێتە بەر، تەنها لەسەر بنەمای خواستەکانی بنیامین نەتانیاهۆ نابێت، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و پێوەرە دیپلۆماسییەکان دەبێت.