لە هەولێر بنار پیرداود پێشانگەیەکی شێوەکاری کردەوە
بنار پیرداود، هونەرمەندی شێوەکار، چوارەمین پێشانگەی خۆی لەژێر ناوی "ئاسمانی هەورە بەرزەکان"، لە گەلەری شانەدەر لە هەولێر کردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ی ئایاری 2026، بنار پیرداود، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی بە کوردستان24ی گوت: " ئەوە چوارەمین پێشانگەی تایبەتی منە، ئەو پێشانگەیە تەنیا کۆمەڵەیەک تابلۆی سروشتی نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی هونەرییە بۆ جوانی، ئارامی و رۆحی سروشتی کوردستان. ئەم پێشانگەیە پێکهاتووە لە 30 تابلۆی رەنگی رۆن، کە هەر یەکەیان دەروازەیەکە بۆ شوێنێک لە خاکی کوردستان؛ لە شاخە بەرزەکان و دۆڵە سەوزەکانەوە، تا رووبار، گوند و رێگەکانی ناو سروشت."
بنار پیرداود گوتیشی، "ناوەڕۆکی پێشانگەکە جەخت لە پەیوەندیی مرۆڤ و سروشت دەکاتەوە. من هەوڵمداوە لە رێگەی رەنگ و رووناکیی تابلۆکان، ئەو هەستە ئارام و ئازادییە بگوازمەوە کە مرۆڤ لە ناو سروشتدا هەستی پێدەکات. لە هەندێک تابلۆدا سروشتی بەهار بە رەنگە گەرم و زیندووەکان دەبینرێت، لە هەندێکی دیکەدا ئارامیی ئێوارانی شاخ و رووناکیی خۆرئاوابوون بە شێوەیەکی شاعیرانە پێشان دراوە.
ئەو شێوەکارە باس لە تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "هەر تابلۆیەک وەک یادەوەرییەکی بینراو وایە؛ چونکە من شوێنە جیاجیاکانی کوردستانم وەک سەرچاوەی سەرەکیی کارەکانم بەکار هێناوە. ئەوەش وای کردووە پێشانگەکەم تەنیا پێشاندانی جوانیی سروشت نەبێت، بەڵکو بەشێک بێت لە پاراستنی ناسنامە و یادەوەریی شوێنە کوردییەکان."
بنار پیرداود ئاماژەی بەوەش دا، "لە رووی هونەرییەوە، تابلۆکان بە شێوازێکی ریالیستی و هەندێک جار بە هەستیارانە کارم تێدا کردووە، کە تێیدا رەنگ رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە گواستنەوەی هەست و دۆخی دەروونیی من. رەنگە سەوزەکان، شینەکان و خاکییە گەرمەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دووبارە دەبنەوە، بۆ ئەوەی گیانی سروشت بە زیندوویی لەبەرچاوی بینەر بمێنێتەوە."
ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "من لە رێگەی ئەم پێشانگەیەوە هەوڵمداوە بینەر تەنیا سەیری تابلۆ نەکات، بەڵکو خۆی لە ناو ئەو دیمەنانەدا ببینێتەوە؛ لە ناو ئارامیی گوندێکی دوور، لە سەر شاخێکی بەرز، یان لە تەنیشت رووبارێکی ساردی کوردستان. بەم شێوەیە، پێشانگەکە دەبێتە دیالۆگێک لەنێوان هونەر، سروشت و یادەوەری."
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری و کاری دەستی، پێشانگەی "ئاسمانی هەورە بەرزەکان"، لە 20ی ئایاری 2026، لە گەلەری شانەدەر لە هەولێر کرایەوە و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
بنار پیرداود، هونەرمەندی شێوەکار، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێرە. بەشداری 26 پێشانگەی هاوبەشی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان کردووە و سروشتی کردۆتە هەوێنی تابلۆکانی.