سوپا سالاری پاکستان بۆ نێوەندگیری دەچێتە ئێران
ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی رایگەیاند، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، دەچێتە تاران بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران.
پێنجشەممە 21ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی رایگەیاند، سەردانەکەی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و راوێژەکانە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، وەک بەشێک لە پرۆسەی نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییە ناوچەییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییە پەرەسەندووەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامن، کە هاوکاتە لەگەڵ دانوستانە ناڕاستەوخۆکان دەربارەی دۆسیەکانی جەنگ، سزاکان و گرژییەکانی گەرووی هورمز.
ماڵپەڕی فەرمی "نوور نیوز" لەسەر زاری ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، ئێران دیدگاکانی ئەمریکای پێگەیشتووە و خەریکی لێکۆڵینەوەیە لێیان. ئاماژەی بەوەش کردووە، پاکستان کە مانگی رابردوو میوانداری گفتوگۆکانی ئاشتی کردبوو و رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت لە گۆڕینەوەی پەیامەکاندا، بەردەوامە لە نێوەندگیری نێوان تاران و واشنتن و چەندین گەڕی پەیوەندی ئەنجام دراون.
رۆژی چوارشەممە، وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
هاوکات گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بەخۆوە نەبینیوە دوای تێپەڕبوونی شەش هەفتە بەسەر دەستپێکردنی ئاگربەستێکی لەرزۆک لە نێوان تاران و واشنتن.