ئێران مەرجی نوێ بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز دادەنێت

گەرووی هورمز
گەرووی هورمز

دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورموزی سەر بە ئێران، نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا مەودای تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووەکە دیاری دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، تێپەڕین لەو ناوچانە پێویستی بە هەماهەنگی و مۆڵەتی ئێران هەیە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەکە، مەودای چاودێرییەکە هێڵی نێوان کۆتایی دوورگەی "قەشم لە ئێران و ئوم قەیوین لە ئیمارات"، هەروەها نێوان "جبل مبارک لە ئێران و باشووری فەجیرە لە ئیمارات" دەگرێتەوە.

هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" ئاشکرای کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران مەرجی نوێی بۆ ئەو کەشتیانە داناوە، دەیانەوێت لە گەرووەکە تێپەڕبن، لەوانە؛ پێشکەشکردنی "بەڵگەنامەی ئینتیما" بۆ سەلماندنی ئەوەی کەشتییەکان پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نییە، چاوەڕوانیکردن بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ وەرگرتنی وەڵامی داواکارییەکان، لەگەڵ پێدانی رسوماتێک کە هەندێکیان لە 150 هەزار دۆلار تێدەپەڕێت.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، لە میکانیزمە نوێیەکەدا ئەولەویەت دراوە بەو کەشتیانەی پەیوەندییان بە رووسیا و چینەوە هەیە، هەروەها ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت کەشتییەکانیان تێپەڕبێت دەبێت پەیوەندیی بە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی عومان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چەندین وڵات بۆ گەرەنتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بەبێ زیان، بەڵام جەختی کردەوە رێگە بە ئەمریکا و ئیسرائیل نادەن لە هورمزەوە تێپەڕبن، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەبێت.